ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو شتێک بزانە؛ ریال مەدرید چەند بژاردەی بۆ هێڵی ناوەڕاست هەیە؟

شوێنگرتنەوەی تۆنی کروس، ئەرکی سەرەکی چابی ئاڵۆنسۆیە

Yariga App

یاریگا –

هەرچەندە مارتن زوبیمێندی، ئەستێرەی ریال سۆسیداد بژاردەی یەکەمی ریال مەدریدە، بەڵام یاریزانەکە چارەنووسی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.

زوبیمێندی یاریزانێکی دڵخوازی چابی ئاڵۆنسۆیە، بەڵام تاکە بژاردەی یانە سپی پۆشەکە نییە، چونکە مەدرید خۆی بۆ سیناریۆی جیاواز ئامادەکردووە و نایەوێت بێ گواستنەوەی یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست دەرگای بازاڕی هاوینە دابخات.

رۆژنامەی ئاس بژاردەکانی هێڵی ناوەڕاستی بەردەم ئاڵۆنسۆی بڵاوکردووەتەوە و رۆژنامەکە لە سەرچاوەی ئاگادار، ریزبەندی دڵخوازەکانی ئاشکراکردووە.

 

رۆدری، مانچێستەر سیتی 28 ساڵ

بەر لە تووشبوونی بە پێکان، یەکێکبوو لە دیارترین ناوەکان بۆ شوێنگرتنەوەی تۆنی کروس. رۆژنامەی ئاس گەڕانەوەی رۆدری بۆ ئیسپانیا بەدوور نازانێت، چونکە یاریزانێکی دڵخوازە لای مەدریدییەکان و دەستەی کارگێڕی. ریال مەدرید لە دوای پێکانی یاریزانەکە، گومانی لە ئامادەیی هەیە، بۆیە چاوەڕێی بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکان دەکات، ئینجا بڕیار لەسەر گواستنەوەی دەدات.


تیجانی رێندەرس، ئەیسی میلان 24 ساڵ

یاریزانی نێودەوڵەتی هۆڵەندی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ گۆڵێکی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ریال مەدرید کرد. هەرچەندە رێندەرس لەلایەن مانچێستەر سیتی داواکراوە، بەڵام بژاردەیەکە لە لیستی گواستنەوەکانی مەدرید و بەگوێرەی پێگەی ترانسفەر مارکێت، بەهای رێندەرس بریتییە لە 50 ملیۆن یۆرۆ.


ئێنزۆ فێرناندێز، چێڵسی 24 ساڵ

باشترین یاریزانی لاوی مۆندیالی 2022ی قەتەڕ کە بەبڕی 120 ملیۆن یۆرۆ لە بێنفیکاوە پەیوەندی بە چێڵسی کرد، یەکێکە لە باشترینەکانی ئەوروپا و لەم وەرزەدا رۆڵێکی باڵای لە سەرکەوتنەکانی چێڵسی گێڕاوە. ئێنزۆ خاوەنی حەفت گۆڵ و 13 ئەسیستە و یەکێکی دیکەیە لە بژاردەکانی ئاڵۆنسۆ.


ئەلێکسیس ماک ئالیستەر، لیڤەرپوول 26 ساڵ

لە ماوەی رابردوودا زۆر باس لە گواستنەوەی ماک ئالیستەر بۆ ریال مەدرید کراوە، بە تایبەت دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لە مۆندیالی 2022 و ئەم دوو وەرزەی لەگەڵ لیڤەرپوول. مەدرید دەزانێت گواستنەوەی ماک ئالیستەر ئاسان و هەرزان نابێت.


بڕونۆ گیمارێش، نیوکاسڵ یونایتد 27 ساڵ

ئەستێرە بەڕازیلییەکە بابەتی گەرمی میدیاکانی ئەم وەرزەی ئەوروپا بووە، چونکە گیمارێش خۆی وەکو کلیلێکی سەرەکی سەرکەوتنەکانی ئەم وەرزەی نیوکاسڵ یونایتد لە پرێمەرلیگ و هەوڵەکانی بە گەیشتنی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو سەلماندووە. لەم وەرزەدا بەشداری لە زیاتر لە 3700 خوولەک کردووە، خاوەنی شەش گۆڵ و هەشت ئەسیستە. بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەکان بریتییە لە 80 ملیۆن یۆرۆ و پێشتر لە یانەکانی سعوودیە داواکرابوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button