تڕەمپ کاریگەری لەسەر بڕیارێکی رۆناڵدۆ دروستدەکات و بن سەلمان رازییە
رۆژنامەیەکی پۆرتوگالی زانیاری نوێ لەبارەی داهاتووی رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات

یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەواوی گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ راگرتووە و خەریکە بابەتی نوێ روودەدات.
رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵ، پڕۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ راگرتووە و تەنیا یەک مانگ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی لە یانەکەی ریاز ماوە. رۆناڵدۆ لەوەتەی پەیوەندی بە یانە زەردپۆشەکان کردووە، هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە.
رۆژنامەی Maisfutebolی پۆرتوگالی چەندین زانیاری نوێی لەبارەی چارەنووسی رۆناڵدۆ ئاشکراکردووە، لەوانەیە دەنگدانەوەی گەورە دروستبکات.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، رۆناڵدۆ بە پڕۆژەی ئێستای نەسڕ رازی نییە و پێشتریش دوودڵ بووە، بڕیارەکەی ئێستا نەداوە، بەڵکو دەمێکە بیر لە جێهێشتنی نەسڕ دەکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە پۆرتوگالییەکە بێت، رۆناڵدۆ گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە و سندووقی وەبەرهێنانی سعوودیە کردووە، تاوەکو پەیوەندی بە هیلال بکات.
بابەتی ئێستای پەیوەندیکردنی رۆناڵدۆ بە هیلال تەنیا قسە نییە، بەڵکو ئەمجارە راستەقینەیە و گفتوگۆکان دەستیانپێکردووە. لەوانەیە رۆناڵدۆ بە درێسی هیلال لە مۆندیالی یانەکان ببینین، بەڵام مەرجی هیلال ئەوەیە، دەبێ رۆناڵدۆ بە خواستن پەیوەندی بە یانەکەوە نەکات، بەڵکو گرێبەستێکی هەمیشەیی واژۆ بکات.
هیلال بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکات، کە بڕیارە لە 15ی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێبکات. هیلال لە کۆمەڵەی هەشتەم بەرامبەر ریال مەدرید، رێد بووڵ سالزبورگ و پاچووکا یاریی دەکات.

رۆژنامەکە زانیاری نوێی لەسەر بەهێزی ئەگەری پەیوەندیکردنی رۆنالدۆی بە هیلال باس کردووە، تەنانەت دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، حەزی بەشداریکردنی رۆناڵدۆی لە پاڵەوانیەتییەکە هەیە.
تڕەمپ دەیەوێت کەسایەتییەکی وەکو رۆناڵدۆ بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات، چونکە کاریگەری لەسەر بینەران دەبێت.
بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە زیاتر لەگەڵ سەردانی تڕەمپ بۆ وڵاتانی کەنداو و سعوودیە بە تایبەتی دەستیپێکردووە، بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە بێت، تڕەمپ بە کەسایەتی رۆناڵدۆ سەرسامە و دەیەوێت لەگەڵ لیۆنێل مێسی بەشداری پاڵەوانیەتییەکە بکەن.
مێسی لەگەڵ مەیامی بەشداری مۆندیالی یانەکان دەکات و لە کۆمەڵەی یەکەم رووبەڕووی یانەکانی پۆرتۆ، پالمێراس و ئەهلی دەبێتەوە.
هەرچەندە رۆناڵدۆ هیچ نازناوێکی لەگەڵ نەسڕ نەبردووەتەوە، بەڵام چەندین رێکۆردی مێژوویی یانەکەی شکاندووە. رۆناڵدۆ لە کۆی 103 یاریدا 91 گۆڵ و 19 ئەسیستی هەیە.
رۆناڵدۆ خەڵاتی گۆڵکاری وەرزی 2023-2024ی خولی رۆشنی بە 35 گۆڵ بەدەستهێنا، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە.