
یاریگا –
مەسعود میرال دەست لە راهێنەرایەتی یانەی دهۆک دەکێشێتەوە و یانەکە بەجێدەهێڵێت.
مەسعود میرال راهێنەری یانەی دهۆک دوای یارییەکەیان بەرامبەر تەڵەبە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بڕیاریداوە لە یانەکە بڕوات و دەست لەکار بکێشێتەوە، بەڵام هێشتا یەکلانەبووەتەوە کۆتایی ئەم وەرزە لە یانەکە دەڕوات، یان پێش کۆتایی هاتنی خولەکە لە چەند رۆژی داهاتوو یانەکە بەجێدەهێڵێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، دوێنێ شەو مەسعود میرال دوای یارییەکەی تەڵەبە لە ژووری جلگۆڕین بە یاریزانەکانی دهۆکی راگەیاندووە دەست لەکار دەکێشێتەوە و لە یانەکە بەردەوام نابێت، تەنانەت نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی بەرپرسانی یانەکەش کردووە.
مەسعود میرال سەرەتای ئەم وەرزە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی دهۆکی گرتە دەست و بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستی لەگەڵ هەڵۆیەکانی چیا واژۆ کرد، لە یەکەم وەرزیدا نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی بەدەستهێنا.
دوێنێ چوارشەممە لە یاریی بەرامبەر تەڵەبە، مەسعود میرال لە نیوەی دووەم بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و بەهۆی ناڕەزایەتی لەدژی بڕیارەکانی ناوبژیوان کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست دا، پێشبینی دەکرێت لەلایەن لێژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ چەند یارییەک سڕ بکرێت.
دهۆک پێنج یاریی دواخراوی هەیە و دوای تێپەڕبوونی 33 گەڕ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ لە پلەی شەشەمی خولەکە دێت و دوای چوار رۆژی دیکە یاریی داهاتووی بەرامبەر قوە جەوییە دەبێت.