بۆچی بەرگریکارەکەی ئیسپانیۆل دووجار ئۆفەری بارسێلۆنای رەت کردەوە؟

یاریگا –
دێربی بارسێلۆنا، لە ئیسپانیۆل، یارییەکی قورس و کێبڕکێ و پڕ ململانێ دەبێت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە یانەی ئیسپانیۆل یاریزانێک هەیە کە یارییەکەی ئەمشەو سەنجڕاکێشتر دەکات ئەویش عومەر ئەل هیلالیە.
بەرگریکاری تەمەن 21 ساڵی مەغریبی، هەمیشە وەفا و خۆشەویستی خۆی بۆ رەنگی شین و سپی راگەیاندووە و ئەوەشی نیشانداوە. وە لە سەرەتای کاروانی وەرزشیدا، لە تۆپی پێی لاواندا، بارسا دووجار هەوڵیدا گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکات. بەڵام هەردوو جارەکە یاریزانەکە گوتی “نا”.
بارسێلۆنا دوو ئۆفەری جیاوازی بۆ گواستنەوەی عومەر ئەلهیلالی بەرگریکاری راستی ئیسپانیۆل پێشکەش کرد، بەڵام لە هەردوو بۆنەدا لەلایەن یاریزانێکەوە رەتکرایەوە.
ئەل هیلالی کە ئێستا تەمەنی 21 ساڵە، بووەتە بەردی بناخەی پێکهاتەی بەرگری ئیسپانیۆل و وەک هێمایەک بۆ ناسنامەی یانەکە سەیر دەکرێت. ئەوەی جێگای سەرنجە، وەفادارییەکەی بۆ ئیسپانیۆلە کە ئامادە نییە بە هیچ ئۆفەرێک یانەکەی جێبهێڵێت.
بە گوێڕەی زانیارییەکانی ئاس، بارسێلۆنا سەرەتا، پێش ئەوەی تەنانەت یاری بۆ ئیسپانیۆلیش بکات، تواناکانی بینی و هەوڵی گواستنەوەیدا. بەڵام عومەر ئەو دەرفەتەی رەتکردەوە کە پەیوەندی بە ئەکادیمیای لاماسیاوە بکات، لەبری ئەوە یاریی کردن بە درێسی ئیسپانیۆلی هەڵبژارد.
بۆ دووەم جار، لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ تیپی خوار 19 ساڵانی ئیسپانیۆل بوو کە بارسێلۆنا جارێکی دیکە هەوڵی گواستنەوەیدا، کە ئاستەنایابەکەی دیسانەوە سەرنجی سکاوتەکانی بارسایان بۆ خۆی راکێشابوو. بەڵام جارێکی تر عومەر ئۆفەرەکەی رەت کردەوە. وەڵامەکەی سادە و راستەوخۆ بوو:
“من یاریزانێکی ئیسپانیۆلم.”
سەرەڕای ئەو ناوبانگ و سەرچاوەی داهات و ڕێڕەوی گەشەپێدانەی بارسێلۆنا پێشکەشی دەکرد، بەڵام ئەل هیلالی ناسنامە و دڵسۆزی لە پێشینەدا بوو، ئەمەش تایبەتمەندییەکی دەگمەنە لە یارییە مۆدێرنەکاندا، بەتایبەتی لەنێو یاریزانە لاوەکاندا.
ئەم پابەندبوونە سوودی هەبووە. لە سەردەمی مانۆلۆ گۆنزالێز، ئەل هیلالی بووەتە یاریزانی سەرەکی لە هێڵی بەرگری راست، لەم وەرزەی لالیگادا تەنیا لە دوو یاریدا بەشداری نەکردووە بەهۆی سڕکردنەوە.
ئاستەکانی لەم وەرزەدا بەردەوام سەرنجڕاکێش بوون، ئەمەش وایکردووە نەک تەنیا لە ئیسپانیا، بەڵکوو زۆر یانە بێنە سەرهێڵ بۆ گواستنەوەی.
جگە لەوەش گەڕانەوەی بۆ پێکهاتەکە بۆ یارییە چارەنووسسازەکەی ئەمشەو بەرامبەر بارسێلۆنا، بڕیارە سەرنجی یانەی زیاتر بۆ خۆی رابکێشێت، بەتایبەتی کە بلاوگرانا بە تەواوی ئاگاداری ئەوەیە کە دووجار چی لەدەستچووە.
عومەر لەگەڵ ئیسپانیۆل گرێبەستی تاوەکوو 2027 هەیە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 15 ملیۆن یۆرۆیە