دەستپێکێکی نوێ؛ میلان چیدیکە ناتوانێت رێگە لە لیاو بگرێت
لیاو سەرنجی گەورەکانی راکێشاوە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 175 ملیۆن یۆرۆ

یاریگا –
چێڵسی خەریکە شۆڕشێکی دیکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەستپێدەکات و کۆمەڵێک ئامانجی دەستنیشانکردووە.
پێگەی کۆت ئۆفساید بڵاویکردووەتەوە، چێڵسی گفتوگۆی نافەرمی لەگەڵ نوێنەرانی رافایێل لیاو، ئەستێرەی ئەیسی میلان دەستپێکردووە و خەریکە ئەگەرەکانی گواستنەوەی بۆ لەندەن تاوتوێ دەکرێت.
بەگوێرەی گرێبەستی نێوان لیاو و میلان، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بریتییە لە 175 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام پێدەچێت میلان سازش لەو ژمارە گەورەیە بکات.
جیا لە چێڵسی، ئارسیناڵ چاوی لەسەر ئەستێرە پۆرتوگالییەکە داناوە و پێشتر تیمی زانیاریدەسخەرییان ناردووەتە یارییەکانی میلان.
ئامانجی سەرەکی ئارسیناڵ لە هاوینی داهاتوودا، گواستنەوەی نیکۆ ویڵیامز، ئەستێرەی ئاتلێتیک بیلباوە، بەڵام لیاو وەکو پلانی دووەمی گەنەرزە.
لیاو بەرهەمی ئەکادیمیای سپۆڕتینگ لیسبۆنی پۆرتوگالییە، لە هاوینی ساڵی 2018 پەیوەندی بە لیلی فەڕەنسییەوە کرد و ساڵێک دواتر بووە یاریزانی میلان.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لەم وەرزەدا 48 یاریی بۆ میلان کردووە و خاوەنی 12 گۆڵ و 13 ئەسیستە.