عێراقکوردستانگرنگترین

یاریگای فڕانسۆ هەریری نۆژەن دەکرێتەوە و چیمەنەکەی وەکو سانتیاگۆ بێرنابیۆ و کامپ نووی لێدەکرێت

چیمەن و تراکی یاریگاکە دەگۆڕدرێت

Yariga App

یاریگا –

بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار یاریگای فڕانسۆ هەریری نۆژەن دەکرێتەوە و مانگی داهاتوو دەست بە نۆژەنکردنەوەکە دەکرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار رایگەیاندووە :’لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە گوژمەى ملیارێک و 900 ملیۆن دینار، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئەم وەرزە دەست بە نۆژەنکردنەوەى چیمەن و تراکى یاریگای فەڕەنسۆ هەریری دەکرێت’.

راشیگەیاندووە :’لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا کۆمپانیای جێبەجێکار کات و چۆنییەتی فەرشکردنی چیمەنە نوێیەکەی خستەڕوو، کە هاوشێوەی چیمەنی یاریگا بەناوبانگەکانی جیهان لە جۆری هایبێرد دەبێت’.

پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە، چیمەنی یاریگاکە دەکرێتە چیمەنی جۆری هایبێرد کە لە زۆربەی یاریگا بەناوبانگەکانی جیهان بەکار دەهێنرێت، هاوشێوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، سان سیرۆ و کامپ نو لە یاریگای فڕانسۆ هەریری دادەندرێت.

هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق چوار یاریی لە یاریگای خۆی ماوە، بەرامبەر نەفتی میسان، تەڵەبە، نەورۆز و کەرخ لە یاریگای خۆی یاریی دەکات، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتایی بێت، ئینجا دەست بە نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە دەکرێت.

یاریگای فڕانسۆ هەریری ساڵی 1956 دروستکراوە و پێشتر پێنج جار نۆژەنکراوەتەوە، لەوەتەی ساڵی 2009 بۆیەکەمجار چیمەنی یاریگاکە دەگۆڕدرێت، کە لەم ساڵانەی دوایی بەردەوام رەخنە لە چیمەنی ئەو یاریگایە دەگیرا.

پێکهاتەی زانستی چیمەنە نوێیەکەی یاریگای فڕانسۆ هەریری چۆن دەبێت؟

چیمەنی هایبێرد یاخود چیمەنی سرووشتی بەهێزکراو، بەرهەمێکە لەڕێگەی تێکەڵکردنی چیمەنی سرووشتی لەگەڵ ریشاڵی دەستکردی بەهێزکەرەوە ئامادە دەکرێت. ریشاڵە دەستکردەکان لە رەگی چیمەنەکدا دەچێندرێن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری بەهێزکردن و درێژکردنی سووڕی ژیانی چیمەنەکە.

لە سەرەتای نەوەدەکانی چەرخی رابردوودا، بۆ یەکەمجار ئەم رێگەیە تاقیکرایەوە، کاتێک لە پڕۆسەی گەشەکردنی گیاکان، تێکەڵەیەک لە خاک و ریشاڵی دەستکرد تێکەڵکران.

چەند رێگەیەک بۆ ئاوێتەکردنی ریشاڵە دەستکردەکان لەگەڵ گیاکاندا هەیە، دیارترینیان؛

  1. چاندنی ریشاڵەکان بە بەکارهێنانی ئامێری تایبەت بە چنین لەناو لمدا.
  2. تێکەڵکردنی ریشاڵەکان لەگەڵ لم و فەلین (Cork) دواتر دانانی لەسەر زەوی یاریگاکان. ئەم جۆرە لەلایەن قوتابخانەی هونەر و پیشەسازی پاریس دروستکراوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button