توانجێک بۆ بێڵینگهام: لە یامالەوە فێرببە

یاریگا –
گرایم سۆنێس، ئەستێرەی پێشووی لیڤەرپوول و شیکەرەوەی سکای سپۆرت، لە بەراوردکارییەکی سەیردا توانج لە جود بێڵینگهامی ئەستێرەی ریال مەدرید دەدات.
سۆنێس ستایشی ئاستی یامالی کرد لە پێکهاتەی بارسێلۆنا دوای درەوشاوەیی لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەرمیلان. یامال گۆڵی یەکەمی یانەکەی تۆمارکرد و شەوێکی سەختی بۆ بەرگریکارە بەئەزموونەکانی نیرازۆری بەدرێژایی یارییەکە درووست کرد، دواجار کاتەلۆنیەکان ئەنجامی بە 3-3 لەگەڵ ئیتاڵیەکان یەکسانبوون.
سۆنێس لە یاداشتەکەیدا بۆ دەیلی مەیل، ستایشی ئاستی یامال دەکات، بەتایبەتی کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکانی لە ساتەوەختە گرژەکاندا. فاکتەرێک کە بە بڕوای ئەو ئەم هێرشبەرە لاوە لە کەسانی دیکەی هاوتەمەنی خۆی جیا دەکاتەوە.
لە یادداشتەکەیدا سۆنێس نووسیویەتی:
سەیرکردنی یاریی لامین یامال لەم هەفتەیەدا بەرامبەر ئینتەرمیلان وا دەکات بیر لەوە بکەیتەوە کە نابێت کەس لە تەمەنی 17 ساڵیدا بەم شێوەیە باش بێت. ئەمە راست نییە! بەڵام گومانی تێدا نییە کە ئێمە سەیری سەرهەڵدانی بەهرەیەکی تایبەتی راستەقینە دەکەین. تا ئێستا 100 یاری بۆ تیپی یەکەم ئەنجامداوە و تا مانگی تەمموز تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ.
ئەوەی سەرسوڕهێنەرە لەبارەیەوە، لە دەرەوەی بەهرەکەی یان توانای جەستەیی، بڕیاردانیەتی لە یاریگادا. ئەو بڕیارانە دەدات کە لە یاریزانێکی زۆر بە ئەزموونتر چاوەڕوان دەکرێت. پێشتریش لە هەمان تەمەندا لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی تێپەڕیوە. جگە لەوەش ئەوەی کە چێژ لە ئەنجامدانی ئەرکە قورسەکان وەردەگرێت، ئەوە نیشان دەدات کە لە دوورەوە مامەڵە لەگەڵ کەسایەتییەکی تەواو پیشەیی دەکەین.
بەڵام سۆنێس لەگەڵ ستایشکردنی یامال، بەراوردێکی لەگەڵ جود بێلینگهامیشدا کرد. لەکاتێکدا ئاماژەی بە وەرزی یەکەمی درەوشاوەی بێلینگهام کرد لە ئیسپانیا، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی لە چەند مانگی رابردوودا.
یارییەکانی ئەم دواییەی جود بێلینگهام لە ریال مەدرید نیگەرانم دەکات. وەرزێکی یەکەمی باوەڕپێنەکراوی لە ئیسپانیا بەسەر برد و لە سوپەرستارێک دەچوو، بەڵام ئێستا بەداخەوە پێدەچێت ئیتر گوێ لە قسەی کەس ناگرێت.
هیوادارم هەڵە بم، بەڵام ئەم وەرزە نائومێدکەر بووە و هەندێک لە هەڵسوکەوتەکانی بێلینگهام ناچارە بخرێتە ژێر پرسیارەوە، هەر لە ناڕەزایەتییەکانی بەرامبەر ناوبژیوان تا دەگاتە رووبەڕووبوونەوە ناپێویستەکانی. ئەگەر کەسێک ئامۆژگاری بکات، وا دیارە ئەو ئامۆژگارییە هەڵەیە. وە ئەگەر خۆی ئەم رەفتارانە بگەڕێنێتەوە بۆ حەماسەتی زیادەڕۆیی، ئەوا هەر هەڵەیە. رێک ئەمەیە کە پێویستە یامال خۆی لێ بەدوور بگرێت. پێویستە جود کەمێک سەیری یامال بکات و لێی فێربێت.