ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترینمۆندیالی یانەکان

هەموو شتێک بزانە؛ بۆچی بارسێلۆنا بەشداری مۆندیالی یانەکان ناکات؟

راپۆرتێکی شیکاری لەبارەی سیستمی نوێی پاڵەوانیەتییەکە

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا بەشداری لە مۆندیالی یانەکانی 2025 ناکات و لەم بابەتەدا هۆکارەکان دەخەینەڕوو.

بۆ یەکەمجارە گۆڕانکارییەکی گەورە لە مۆندیالی یانەکان روودەدات، ئەمجارە 32 یانە بەشداری تێدادەکەن و وەکو مۆندیالی هەڵبژاردەکان، چوار ساڵ جارێک دەکرێت.

پاڵەوانیەتییەکە لە ناوەڕاستی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت و چەندین یانەی گەورەی جیهان بەشداری تێدا دەکەن، بەڵام یانەیەکی وەکو بارسێلۆنا مافی بەشداریکردنی نییە.

بۆچی بارسێلۆنا بەشداری ناکات؟

لە وەشانەکانی رابردوودا، تەنیا پاڵەوانی کیشوەرەکان بەشداری مۆندیالی یانەکانیان دەکرد، بەڵام ئەمجارە فۆڕماتێکی نوێ پەیڕەو دەکرێت و کورسیی بەشداریی بۆ 32 بەرزکراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە یاسای نوێ، هەر فێدراسیۆنێک ژمارەیەک کورسی بەگوێرەی چەند پێوەرێک بەردەکەوێت.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ پشت بە دەستکەوتی یانەکان لە ساڵانی 2021 تاوەکو 2024 دەبەستێت، براوەکانی چامپیۆنزلیگی هەر چوار وەرزەکە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتییەکە سەردەکەون، پاشان کورسییەکانی دیکە لەڕێگەی ریزبەندی چوار ساڵی یانەکان لێکدەدرێنەوە.

فێدراسیۆنەکانی ئاسیا، ئەفریقا و کۆنکاکاف بە چوار یانە بەشداری دەکەن، هەروەها فێدراسیۆنی ئۆقیانۆسیا، تەنیا یەک کورسی دەبێت. کورسییەکی گەرەنتیکراویش بۆ وڵاتی میواندار تەرخان کراوە.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا زۆرترین کورسی هەیە کە 12یە. براوەکانی چامپیۆنزلیگی 2021, 2022, 2023 و 2024 بەشداری مۆندیال دەکەن، کورسییەکانی دیکەش بەگوێرەی پۆلینکردنی یوێفا دەبێت.

فیفا رێسایەکی توندی بۆ بەشداریکردنی دوو یانەی یەک وڵات داناوە، مەگەر هەردوو یانەکە لە ماوەی چوار ساڵەکەدا نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەستهێنابێت. ئەم یاسایە گەر شیبکرێتەوە؛ تەنانەت ئەگەر یانەیەک لە پۆڵینی یوێفا لە پێشەوەش بێت، بەڵام نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەست نەهێنابێت، ئەوا بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکان ئەستەمە.

بارسێلۆنا لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ بەردەوام رکابەری کردووە، بەڵام لە ساڵانی 2021-2024 نەیتوانیوە چامپیۆنزلیگ بباتەوە، لەڕووی پۆڵینی یوێفاشەوە، لە دواوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو، بۆیە ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ دوو کورسییەکەیان مسۆگەرکرد و بارسێلۆنا دوورخرایەوە.

بۆچی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید پێش بارسێلۆنان؟

ریال مەدرید بە بردنەوەی دوو چامپیۆنزلیگ، بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکان مسۆگەرکرد، کەچی ئاتلێتیکۆ مەدرید کورسی دووەمی ئیسپانیای بەدەستهێنا، بە پشتبەستن بە ریزبەندی چوار ساڵی رابردووی یوێفا.

بەشداری نەکردنی بارسێلۆنا لە مۆندیالی یانەکان، جەخت لە توند و تۆڵی رێساکانی پاڵەوانیەتییەکە دەکاتەوە، تاوەکو هاوسەنگی لە نێوان کیشوەرەکان دروستبکات و دەبێ یانەکان بە شایستەیی بەشداری تێدا بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button