
یاریگا –
شوێنگرەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی پرسیاری گەورەی هاندەرانی ریال مەدرید، چونکە بەگوێرەی دوایین راپۆرتەکانی رۆژنامەوانی بێت، لە کۆتایی ئەم وەرزە کارلۆ لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.
چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری بایەر لیڤەرکوزن دیارترین بەربژێرە بۆ شوێنگرتنەوەی کارلۆ، بەڵام ناوی یورگن کڵۆپ، راهێنەری لیڤەرپوولیش لە نێو میدیاکان باس دەکرێت.
میرۆسلاڤ تانجا، راهێنەری ئێستای یانەی ڤۆڤۆدینای سڕبی پێشتر لە یانەی ماینزی ئەڵمانی لەگەڵ کڵۆپ کاریکردووە و لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی مۆزارت سپۆرت، کۆمەڵێک نهێنی لەسەر کڵۆپ ئاشکراکرد.
کاتێک کڵۆپ لیڤەرپوولی جێهێشت دوو هیوای پێگوتم کە دەیەوێت بەدییان بهێنێت، یەکێکیان وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و بوونی بە راهێنەری ریال مەدرید. نازانم کامیان دێتەدی.
ئێستا یەکێکە لە بەربژێران بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدرید، بەڵام شتێکی دیکەش دەزانم، هەرگیز جگە لە لیڤەرپوول نابێت راهێنەری هیچ یانەیەکی ئینگلیزی.
کڵۆپ نایەوێت لە سێریا ئەی یاخود لیگ وەن کار بکات، بەڵکو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ریال مەدرید لە خەیاڵی ئەودان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، میرۆسلاڤ ئاشکرایکرد، لە ماوەی رابردوودا قسەی لەگەڵ کڵۆپ کردووە؛
قسەمان کردووە، بەڵام ئێستا ئەو بەڕێوەبەرە لە رێدبوڵ و ئێستا سەرقاڵی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو یانەیە و زۆر بیر لە راهێنەرایەتی ناکاتەوە.
نازانم ئایا وەڕس دەبێت و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە نێو ئەم کەشانە، تەنیا خۆی ئەمە دەزانێت.
چارەنووسی ئانچێلۆتی؟
بیروبۆچوونەکان لە نێو ریال مەدرید بەرامبەر کارلۆ ئانچێلۆتی ئەرێنین، سەرەڕای لەدەستدانی نازناوی جامی شای ئیسپانیا و دۆڕاندنی یاریی کلاسیکۆ.
تۆڕی رێلێڤۆ بەپەشت بەستن بە سەرچاوەیەکی نێو یانەکەوە دووپاتیدەکاتەوە، بەرپرسانی ریال مەدرید لە ئاستی گشتی یانەکە رازین و تەنانەت پێیان وایە، بەهۆی دوو هەڵەی کەسییەوە نازناوەکەیان لەدەستداوە، ئەگەرنا ئانچێلۆتی و یاریزانەکان ئاستێکی باشیان پێشکەشکرد.
وادەی ماڵاوایی چابی ئاڵۆنسۆ لە بایەر لیڤەرکوزن ئاشکرا دەکرێت
دیارترین بەربژێر؟
رۆژنامەنووسی تۆڕی سکای سپۆرتس ساشا تاڤۆلیێری بڵاویکردووەتەوە، چابی ئاڵۆنسۆ بڕیای کۆتاییداوە و لە کۆتایی ئەم وەرزە بایەر لیڤەرکوزن جێدەهێڵێت، لە چەند هەفتەی داهاتووشدا بەفەرمی بڕیارەکە رادەگەیەنێت.
هەمان سەرچاوە ئەماژەی بەوەش کردووە، راهێنەر ئیسپانییەکە لەگەڵ ریال مەدرید گفتوگۆی لەسەر مەرجە کەسییەکان کردووە، جارێ نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بەڵام نزیکە لەوەی گرێبەستێکی دوو وەرزە لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ بکات.
وادەی ماڵاوایی چابی ئاڵۆنسۆ لە بایەر لیڤەرکوزن ئاشکرا دەکرێت