ئیسپانیاگرنگترین

شەڕ دەکەوێتە نێو ژووری جڵگۆڕینی بارسێلۆنا و دۆخەکە بۆ فلیک ئاڵۆز دەبێت

Yariga App

یاریگا –

هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا، رووبەڕووی ئەرکێکی قورس دەبێتە و یەکگرتوویی ژووری جلگۆڕینی تیپەکەی تێکدەچێت.

یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر سێڵتاڤیگۆ بۆ یانە کاتالۆنییەکە قورس بوو. بارسا نەیدەویست رێگە بدات جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدرید کەم ببێتەوە و هەموو هەوڵێکی دا تاوەکوو بە لێدانی سزای دواخولەکەکان یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کردەوە. لە ئەنجامدا دڵەڕاوکێی تیپەکەی داگرت. گرژییەکان بەجۆرێک بەرزبوونەوە کە سێ یاریزان راستەوخۆ کاردانەوەیان بەرامبەر بە بڕیاری راهێنەرەکەیان هەبوو، ئەمەش شتێکی بێ وێنە بوو لەم وەرزەدا.

فێران تۆرێس و ئانسو فاتی و هیکتۆر فۆرت هەموویان بە ئاشکرا ناڕەزایی خۆیان دەربڕی بەوەیکە یارییان نەکرد و یانیش زوو گۆڕانکارییان پێکرا، ئەم بڕیارەی فلیکیش بەڕێوەبردنی ژووری جلگۆڕین لەم قۆناخە گرنگەی وەرزدا قورستر کرد. یاریزانانی بارسا پاڵنەرێکی زۆریان هەیە. هەمووان دەیانەوێت یاری بکەن بەڵام فلیک بیرۆکەیەکی زۆر روونی هەیە لەسەر پێکهاتەی سەرەکی و سیستەمی خولانەوەی خۆی، هەروەها گروپێکی پێنج شەش یاریزانی بە شێوەیەکی گشتی لە پلانەکانی دوور خراونەتەوە.

دوو لە یاریزانەکان لە کۆتایی یارییەکەدا بەرامبەر سێلتاڤیگۆ تووشی شەڕ و ئاژاوەی زارەکی بوون. فاتی دوای ئەوەی بۆ گێمی دووەم خۆی گەرم کرد بەلام بەبێ ئەوەی چانسی یاریکردنی دەستبکەوێت، بە تووڕەییەوە بە فڕێدانی جلی راهێنانی و شەق لێدان لە کورسییەکان و هاوارکردن بەسەر ستافی راهێنەرایەتیدا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی.

پەیوەندی نێوان ئانسو فاتی و فلیک زۆر گرژ و ئاڵۆزە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەوانەی لە دەوروبەری یاریزانەکەن پێیان وایە راهێنەرەکە وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵدا نەکردووە و هەروەها تێناگەن بۆچی فلیک لە میدیاکان گوتوویەتی کە لە مەشقەکاندا هەوڵی پێویست نادات. توڕەیی فاتی گەیشتووەتە لوتکە، خۆی لە دۆخێکی جەستەیی باشدا دەبینێت و وابیردەکاتەوە راهێنەر دەرفەتی پێنادات.

هیکتۆر فۆرت کە لەم وەرزەدا خولەکی کەم یاری کردووە، کەسێکی دیکەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوێنێ بوو. فلیک کە دوای یارییەکە بە خۆشحاڵییەوە یارییزانەکانی لە باوەش گرت و پیرۆزبایی لێکردن، بەڵام یاریزانە لاوەکە رەتیکردەوە باوەشی پێدابکات. لەوەش زیاتر، ئامادە نەبوو قسە لەگەڵ راهێنەرەکەیدا بکات و فلیکیش دوای ئەم هەڵسووکەوتەی شتێکی بە گوێیدا چرپاند.

وا دیار بوو فلیک یان ستافی راهێنەرایەتیبەر لە یارییەکە بەڵێنیان بە فۆرت دابوو هەلی یاریکردنی لەم یارییەدا پێبدەن، بەڵام ئاڵۆزییە چاوەڕواننەکراوەکانی یارییەکە بووە هۆی گۆڕانکاری لە پلانەکەدا.

دواهەمینیان دەربارەی فێران تۆرێس بوو. هێرشبەرێکە کە لە گێمی دووەمدا بە گۆڕانکاری پێکردنی ناڕەزایی دەربڕی. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە یارییەکەدا گۆڵێکی تۆمارکردبوو و بە چالاکترین هێرشبەری بارسا دادەنرا. فێران کە بە بڕیارەکەی راهێنەرەکە دڵخۆش نەبوو، لەکاتی جێهێشتنی یاریگاکەدا رەتیکردەوە باوەش بە فلیکدا بکات وشەقێکی لە بوتڵە ئاوەکەیدا و دەستی یاریدەدەری راهێنەری پاڵنا کاتێک ویستی ئارامی بکاتەوە.

ژووری جلگۆڕینی فلیک رووبەڕووی کێشە بووەتەوە و کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ ئەگەری بردنەوەی سێ یانە و بە دڵنیاییەوە ئەم گرژییانە بەردەوام لە چڕبوونەوە دان. بەڵام راهێنەرەکە پلانەکانی ناگۆڕێت و بە تەواوی دەزانێت کێ لە پێکهاتەی سەرەکیدایە و گۆرانکاری بەکێ بکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئیدارەکردنی ئەم دۆخە بۆی قورس دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button