پرێمەرلیگ دەرگای گواستنەوەکان زووتر دادەخات
رۆژنامەی تێلێگراف وردەکاری پێشنیازێکی نوێی یانەکانی پرێمەرلیگ دەخاتەڕوو

یاریگا –
یانەکانی پرێمەرلیگ خەریکە گفتوگۆ لەسەر گۆڕینی شێوازی کردنەوە و داخستنی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان دەکەن.
رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، لە دوا کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی وەرزشی یانەکانی پرێمەرلیگ کە مانگی رابردوو لە لەندەن بەڕێوەچوو، بیرۆکەی گۆڕینی شێوازی مێرکاتۆی یاریزانان تاوتوێکراوە و چەند پێشنیازێک خراونەتەڕوو.
یانەکان داوایانکردووە، لەگەڵ دەستپێکردنی یارییەکانی پرێمەرلیگ، دەرگای گواستنەوەی یاریزانان تاوەکو یەنایەر/کانوونی دووەم دابخرێت.
یانەکانی پرێمەرلیگ تووشی دۆخی قورس دەبنەوە، بە تایبەت لەگەڵ خولی ئەو وڵاتانەی دەرگای گواستنەوەیان درێژترە و دەتوانن گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی پرێمەرلیگدا بکەن، بۆ نموونی خولی سعوودیە.
لە ساڵی 2019 هەوڵێکی لەمشێوەیە درا، بەڵام بەهۆی دروستکردنی کاریگەری لەسەر بازاڕی یاریزانان، بیرۆکەکە پشتگوێخرا.
تێپەڕاندنی بڕیارێکی لەمشێوەیە پێویستی بە 14 دەنگە لە کۆی 20 دەنگ. بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی یانەکانی پرێمەرلیگ، قووڵتر باسی بابەتەکە بکرێت و دەنگی لەسەربدرێت.