گومان دەکرێت دوو ئەستێرەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ دێربی مەدرید ئامادەبن

یاریگا –
گومان دەکرێت دی پاول و لێنگلێت بۆ یاریی دێربی مەدرید لە چامپیۆنزلیگ ئامادەبن.
رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، گومان دەکرێت رۆدریگۆ دی پاول و کلیمێنت لێنگلێت بۆ یاریی دێربی مەدرید رۆژی چوارشەممە بەرامبەر ریال مەدرید ئامادەبن، کە لە یاریی رابردووی یانەکەیان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە لالیگا تووشی پێکان ببوون.
لێنگلێت سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بەشداریی راهێنانەکانی یانەکەی نەکرد، بەڵام دوای نیوەڕۆ چەند مەشقێکی سووکی کرد، هێشتا گومان دەکرێت ئەو بەرگریکارە فەڕەنسییە بۆ یارییەکەی چوارشەممە بەردەست بێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی کادێنا کۆپ لەناو یانەکە، هێشتا ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریکردنی بەرگریکارەکەی پێشووی بارسا بێ هیوا نەبووە.
لێنگلێت لە کاتی خۆگەرمکردنەوەی پێش یارییەکەی خیتافی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە هەستی بە ئازار کرد و بەشداریی ئەو یارییەی نەکرد، لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو بەرامبەر ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە پێکهاتەی سەرەکیدابوو.
رۆدریگۆ دی پاول یاریزانێکی دیکەی ئاتلێتییە لە یارییەکەی خیتافی تووشی پێکان بوو، لە پشووی نێوان هەردوو گێم گۆڕانکاریی پێکرا، دیێگۆ سیمیۆنی بەهیوایە ئەو ناوەڕاستکارە ئەرجەنتینییە بۆ یارییەکەی چوارشەممە ئامادە بێت، کە ئەمڕۆ بە تەنیا لە هۆڵی وەرزشی چەند مەشق و راهێنانێکی کرد.
چوارشەممە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدرید دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید کە لە یاریی چوون مێرەنگی 2-1 بردنەوەی بەدەستهێناوە، کە دی پاول و لێنگلێت لەو یارییە سەرەکی بوون.