
یاریگا –
ریال مەدرید سەرقاڵی گۆڕینی پەیکەرەی یانەکەیە کە بە گەڕاندنەوەی خۆزێ مۆرینیۆ دەستیپێکرد و بەدوایدا چەندین گرێبەست بەشێوەیەکی نیمچەفەرمی تا ئێستا یەکلایی بووەتەوە.
دوای ئەوەی یانە شاهانەکە بەشێوەیەکی فەرمی مۆرینیۆی وەک راهێنەری نوێ ناساند، ئێستا دەیانەوێت تاقمی یاریدەرەکانیشی یەکلایی بکەنەوە. یەکێک لەو ناوانەی دەنگۆی زۆری لەسەر بوو، پیپێی بەرگریکاری پێشووی یانەکە بوو، بەڵام ئەفسانە پۆرتوگالیەکە دەنگۆیەکانی رێککەوتنی رەتکردەوە.
ئێستا میدیاکان ناوێکی دیکەیان وەک بەربژێرێکی سەرەکی ئاشکراکردووە کە ئەویش سامی خزێرەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاس، مۆرینیۆ داوکاری ئاراستەی خزێرە کردووە، ئەستێرە ناودارەکەی پێشووی ئەڵمانیا و ریال مەدرید هێشتا بەفەرمی رەزامەندی نیشان نەداوە، بەڵام سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی خواستەکەی مۆرینیۆیە.
لەلایەکی دیکەوە یاهوو سپۆرت ئاشکرایکردووە کە “سپێشەڵ وەن” کەسێکی دەوێت وەک یاریدەر کە زۆر بەباشی لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید تێبگات.
مۆرینیۆ و خزێرە ئەزموونی پێکەوە کارکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ 2010 تا 2013 کە وەک راهێنەر و یاریزانی ریال مەدرید نیشانەیەکی دیاری یانەکە بوون لەو قۆناخەدا.



