ئەم وەرزە بۆ ئەستێرەیەکی کورد کۆتایی هات

یاریگا –
بە هۆی پێکانەوە ئەم وەرزەی خولی پلە یەکی کوردستان بۆ ئەستێرەیەکی هەڵۆ کۆتایی هات.
بەهادین بەکر هێرشبەری هەڵۆ بە هۆی پێکانەوە ناتوانێ لە دوا دوو یاریی خولی پلە یەکی کوردستان لەگەڵ هەڵۆ یاریی بکات، بەهادین دەربارەی پێکانەکەی تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند:
لە سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ یاریزانێکمان لە کاتی مەشق تووشی بەریەک کەوتن بووین، هەستم بە ئازارێکی زۆر کرد لەپشتم، دوای پشکنین دەرکەوت کە سەرووی بڕبڕەکانی پشتم دەرزی بردووە، پزیشکەکان گوتیان بە زوویی دەبێ نەشتەرگەری بکەیت بۆ ئەوەی لە داهاتوو کاریگەری لەسەر قاچەکانت دروست نەکات، بۆیە نەشتەرگەریەکەم کرد و ناتوانم ئەم وەرزە یاریی بکەمەوە.
هەڵۆ دوو یاریی داهاتووی چارەنووسسازە و ئێستا یانەکە بە 25 خاڵ لە ریزبەندی خولی پلە یەکی کوردستانە و نزیکە وەرزی داهاتوو جارێکی تر بگەڕێتەوە ریزی نایابی کوردستان.
بەهادین بەکر لە وەرزی 2020 _ 2021 گۆڵکاری خولی نایابی کوردستان بوو لەگەڵ سیروانی نوێ، پێشووتریش بۆ یانەکانی هەڵەبجە و نەورۆز و سەیدسادق یاریی کردووە، ئەم وەرزەش لە قۆناخی دووەم لە سیروانی نوێ وە پەیوەندی بە هەڵۆ کرد.