
یاریگا –
لیڤەرپوول گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ کۆمپانیای ئەدیداس واژۆکرد.
گرێبەستی لیڤەرپوول و کۆمپانیای نایکی لە هاوینی داهاتوو دوای پێنج ساڵ بەسەردەچێت، پێشتر لیڤەرپوول لە ساڵانی نێوان 1985-1996 و 2006-2012 کاری لەگەڵ ئەدیداس کردووە.
بەگوێرەی رێککەوتنی ئێستای نێوان لیڤەرپوول و نایکی، ساڵانە یانەکەی مێرسیساید بڕی 30 ملیۆن پاوەند لەگەڵ 20%ی سەرجەم فرۆشی بەرهەمەکانی پەیوەندیدار بە لیڤەرپوولی وەردەگرت، لە کۆی گشتیدا داهاتی لیڤەرپوول لە گرێبەستی سپۆنسەرییەکەی نایکی دەگەیشتە 60 ملیۆن پاوەند.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گرێبەستی نێوان لیڤەرپوول و ئادیداس بە ئاتلێتیکی راگەیاندووە، بەهای گرێبەستەکە زۆر بەرزبووەتەوە.
بیڵی هۆگن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیڤەرپوول لەبارەی گرێبەستەکەی ئادیداس دەڵێت
تەواوی ئەندامانی یانەکە بە گەڕانەوەی ئادیداس دڵخۆشن. چەندین وەرزی لەبیرنەکراویان بە سپۆنسەری ئادیداس بەڕێکردووە و بەپەرۆشن بۆ دەستپێکردنی هاوبەشێتی نێوانیان.
گرێبەستی نێوان لیڤەرپوول ئادیداس لە 1ی ئۆگەست/ئابی داهاتوو دەستپێدەکات و لیڤەرپوول یارییەکانی ئامادەکاری وەرزی نوێ بە لۆگۆی نایکی دەکات.
لیڤەرپوول لە ساڵی 2019 هاوبەشێتی لەگەڵ کۆمپانیای نیو باڵانس کۆتاییهێنا و لە ساڵی 2020 گرێبەستێکی پێنج ساڵەی لەگەڵ نایکی واژۆکرد.