
یاریگا –
راندال کۆلۆ موانی سەرەڕای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لەگەڵ یوڤێنتۆس، رەتیدەکاتەوە کاری ئەو لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی هاتبێت.
موانی لە گواستنەوەکانی زستانەدا لە پاریسەوە گواسترایەوە بۆ ریزەکانی یۆڤی بەشێوەی خواستن تا کۆتایی وەرزەکە.
یاریزانە فەڕەنسییەکە کاتی زۆری نەویست تا لە کەشوهەوای ئیتاڵیادا ئاستی خۆی دەربخات. لە 6 بەشداریی خولی ئەو وڵاتەدا توانیویەتی 5 گۆڵ و ئەسێستێک بکات.
لە نوێنترین لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی Republicaی ئیتاڵی، هێرشبەرە 26 ساڵانەکە لە باسی ئەگەرەکانی گەرانەوە بۆ یانەکەی پایتەختی فەڕەنسا یاخود مانەوە لە ریزی خانمە پیرەکە وتی
من هێشتا لاپەڕەی خۆم و پاریسم دانەخستووە. جارێ گرێبەستیشم هەیە لەگەڵ ئەو یانەیە، بەڵام ئەگەر شتەکان بەم شێوەیە بەردەوامبن لەگەڵ یۆڤی… بۆچی نەمێنمەوە؟
یوڤێنتۆس دەرگای بۆ من کردەوە. تیاگۆ مۆتای راهێنەریش منی قاییل کرد، بۆیە با ببینین.
ئەگەری بەهێزە یانە ئیتاڵییەکە مانەوەی راندال بکات بە هەمیشەیی بەتایبەت کە نیازیان هەیە دوسان ڤلاهۆڤیچی هێرشبەری سڕبی بەڕێبکەن.