![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/GjLvvSWXkAAtckT-780x470.jpg)
یاریگا –
ریال مەدرید بۆ دێربی مەدرید ئامادەیە و تەنیا بۆ سێ خاڵی یارییەکە یاریی دەکات.
سبەی شەممە کاتژمێر 23:00 بەکاتی هەولێر، ریال مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکە لە گۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە دێربی مەدرید وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگی دایەوە.
ئێدواردۆ کاماڤینگا و لوکاس ڤاسکێس گەڕاونەتەوە و بۆ دێربی ئامادەن. بە گەڕانەوەیان دڵخۆشم.
هێڵی هێرشبەریمان تۆکمەیە، تەماشای ئامارەکانم کردووە، 4 هێرشبەرەکەمان 60 گۆڵیان کردووە. بەڵام بەهۆی پێکانە زۆرەکان لە هێڵی بەرگری کێشەمان هەیە و دەبێت خۆمان بگونجێنین.
کاتێک کێبڕکێی نازناوەکە دەکەیت بردنەوەی هەموو یارییەک گرنگە و سبەی بۆ سێ خاڵی یارییەکە دەچینە یاریگا.
سکاڵامان لە دژی ناوبژیوانان؟ لیژنەی ناوبژیوانان تاوەکو ئێستا وەڵامی سکاڵاکانیان نەداوەتەوە، خۆتان دەبێت بپرسن بۆچی؟
حەزدەکەم لە هێڵی ناوەڕاست یاریی بە چوامێنی بکەم، دەمەوێت هەموو یاریزانەکان لە شوێنی خۆیان یاریی بکەن. بەڵام بەهۆی پێکان ناچارین پێکهاتەکەمان بگونجێنین.
ژمارەکانی ئێمباپێ خۆیان دەدوێن، بەسەختی هەوڵ دەدات. بەبێ هیچ داواکارییەک و گلەی کردن لە شوێنی یاریکردنی کاری خۆی دەکات. راستە پێویستی بە کات بوو بۆ ئەوەی خۆی بگونجێنێت، بەڵام ئێستا باشترین ئاست پێشکەش دەکات و زۆر لەگەڵیدا دڵخۆشین.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانجێکیان لەسەر ئێوە لەبارەی خۆ ئامادەکردن بۆ دێربی بڵاوکردەوە؟
باشە بەهەرحاڵ لەم هەفتەیە لە جامی شا یارییمان کرد. پاشان یاریزانەکان چوونە قۆناخی چاکبوونەوە. دواتر چووینە هۆڵی لەشجوانی و مەلەوانگە. هەروەها شیکاریی ڤیدیۆییش لەسەر پلان و تاکتیکەکەنمان دەکەین و بەمزووانە لەگەڵ تیمەکە قسە دەکەمەوە. هەمیشە بەوشێوەیە خۆمان ئامادە دەکەین.
یاریزانانی ئەکادیمیا ئاستێکی زۆر باش پێشکەش دەکەن و دەرفەتیان پێدەدرێت.
چۆن راهێنەرایەتی کریستیانۆ و بێنزێمام کردووە، ئەوا دەتوانم راهێنەرایەتی ڤینی و ئێمباپێ و یاریزانە لاوەکانیش بەیەکەوە بکەم و هەمان دەستکەوتەکانی رابردوو دووبارە بکەینەوە.
تویتەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید؟
هیچم لەبارەیەوە نەبیستووە و نازانم چییە.
تەنیا داوای هەندێک روونکردنەوەمان لە بڕیارەکانی ناوبژیوان کردووە. بێگومان هەمووان دژی ئەوەن چونکە ئێمە ریال مەدریدین و ئەو داوایەمان کردووە.
سێرجیۆ رامۆس ئەفسانە و ئایکۆنێکە، زۆر سوپاسگوزاری ئەوین. بەختەوەرین لەگەڵمان بوو. مەکسیکییەکان بەدڵیان دەبێت و چێژی لێ وەردەگرن.
هەندێک کەس لەوبڕوایەدان باشترە یاریی بە چوار هێرشبەر نەکەم بۆ ئەوەی هاوسەنگی دروست ببێت، بەڵام کێشەی ئێمە نەبوونی بەرگریکاری پێویستە. لەبیری مەکەن دوو بەرگریکاری گرنگی وەک میلیتاو و کارڤاخالمان لەدەستداوە.
کێشەی بەرگری کێشەی هێرشبەرەکانیشە و دەبێت هاوکاری یاریزانانی دیکە بکەن. بەمزووانە رودیگەر و ئالابا دەگەڕێنەوە و هەندێک سەقامگیر دەبین.