لێنی یۆرۆ: راهێنەرەکەمان رقی لێمان دەبێتەوە و سزامان دەدات
یاریگا –
لێنی یورۆ بەرگریکاری فەرەنسی یانەی مانێچستەر یونایتد باسی توندی شێوازەکانی مەشق و راهێنانەکانی روبێن ئامۆریمی کرد.
لێنی یورۆی تەمەن 19 ساڵ، کە هاوینی رابردوو لە لیلەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد، ئاشکرایکرد روبێن ئامۆریم لە راهێنانەکاندا زۆر توند و جدییە و هەر یاریزانێک راهینانەکان بە تەواوی جێبەجێ نەکات لێی خۆش نابێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ رووداوەکەی نێوان راشفۆرد و راهێنەرە پۆرتوگالیەکە کە بووە هۆی رۆیشتنی ئەو یاریزانە لە ئۆڵدترافۆرد.
یۆرۆ کە بانگهێشتی پۆدکاستەکەی ریۆ فێردیناند کرابوو، گوتی:
پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ روبێن ئامۆریم هەیە، هەوڵدەدەم ئەوەی دەیەوێت بیکەم، ئامۆریم پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ یاریزانەکان هەیە، چونکە لە یانە گەورەکان یاریی کردووە و لە بارودۆخی یاریزانەکان تێدەگات، ئەو دەزانێت چۆن قسە بکات و ئەوەش بۆ من زۆر گرنگە، مەشقەکانی زۆر زۆر قورسن، بەڵام گرنگە.
لە درێژەی قسەکانی گوتی:
ئێمە مەشق و راهێنانێکی زۆرمان هەیە و بۆ ئێمە زۆر گرنگە چونکە کاتێک لە راهێنانەکاندا باش بین، لە یارییەکاندا ئاستێکی باشیشمان دەبێت. ئەگەر مەشق نەکەیت و تەمبەڵ بیت، رقی لێت دەبێتەوە و لە راستیدا بە راهێنانە قورسەکانی سزات دەدات. ئەمە شتێکی ئاساییە، چونکە دەیەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
لێنی یۆرۆ کە هاویندا پەیوەندی بە شەیتانە سوورەکانەوە کرد هەر لە یارییەکانی پێش وەرزدا تووشی پێکان بوو و بۆ ماوەیەک لە یاریی کردن دابڕا. لە دوای چاک بوونەوەی لە پێکانەکەی بەشداری 11 یاریی لە پرێمەرلیگ کردووە و هیچ گۆڵ و ئەسیستێکی نەبووە.