وێنە؛ چیرۆکی هاندەرێکی زاخۆ هەموو عێراق سەرسام دەکات
بە ئۆتۆمبێڵێ خۆی بە تەنیا لە زاخۆوە چووەتە بەسرە بۆ ئەوەی هانی یانەکەی بدات
یاریگا –
چیرۆکی هاندەرێکی زاخۆ هەمووانی سەرسام کردووە، لە زاخۆوە بە ئۆتۆمبێڵەکەی چووەتە بەسرە بۆ ئەوەی لە یاریی بەرامبەر نەفتی بەسرە هانی یانەکەی بدات.
نەعمان رەمەزان هاندەرێکی زاخۆیە، بە ئۆتۆمبێڵی خۆی لە زاخۆوە چووەتە بەسرە بۆ ئەوەی لە دوایین یاریی یانەکەی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادە بێت، ئەو هاندەرەی زاخۆ لە رێگای چوونی بۆ بەسرە لە سەماوە تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە.
نەعمان رەمەزان زیاتر لە هەزار و 100 کیلۆمەتری بڕیوە بۆ ئەوەی لە یاریی بەرامبەر نەفتی بەسرە لە بەسرە ئامادە بێت، دوو رۆژ لە رێگادا بووە، بە تەنیا گەشتی کردووە و بە ئۆتۆمبێڵی خۆی لەپێناوی پشتیوانیکردنی زاخۆ چووەتە بەسرە.
نەعمان رەمەزان، هاندەرەکەی زاخۆ لە لێدوانێكی تایبەتی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’من بە ئۆتۆمبێڵی خۆم بە تەنیا لە زاخۆوە بەڕێکەوتم بۆ ئەوەی بچمە بەسرە لەوێ هانی یانەکەم بدەم، پێش ئەوەی بگەمە بەغدا تووشی رووداوێکی هاتوچۆ بووم، شەوەکەی لە بەغدا لە هۆتێلێک مامەوە، من پێشتر بۆ یارییەکانی زاخۆ چوومەتە بەغدا، بەڵام یەکەمجارە دێمە بەسرە’.
هەروەها دەشڵێت :’کاتێک لە بەغدا بەرەو بەسرە بەڕێکەوتم، لە رێگا لە سەماوە ئۆتۆمبێڵەکەم بە تەواوەتی لەکارکەوت، دوو پیاو کە خەڵکی سەماوە بوون، شەو منیان بردە ماڵەوە و رۆژی دواتریش منیان گەیاندە بەسرە بۆ ئەوەی لە یارییەکەی زاخۆ ئامادەبم، هەردووکیان لەگەڵ من هاتن بۆ ئەوەی دواتر من بگەڕێننەوە، مستەفا باشر و یاسر فز لە دوێنێوە لەگەڵ منن، ئەمڕۆ منیان بردە لای فیتەر بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێڵەکەم چاک بکەمەوە’.
نەعمان رەمەزان دەشڵێت :’من هەمیشە عاشقی زاخۆ بوویمە و لە خۆشەویستیم بۆ یانەکەم بە تەنیا گەشتم کرد، سوپاسی ئەو دوو هاووڵاتییەی سەماوە دەکەم، بە هەڵوێستەکانیان منیان سەرسام کرد، نەیانهێشت لە یارییەکەی زاخۆ بێبەش بم، من بەنیازم سبەی بەرەو عەمارە بەڕیبکەوم بۆ ئەوەی لە یاریی داهاتووی زاخۆ بەرامبەر نەفتی میسان ئامادە بم’.
هەروەها دەڵێت :’دوێنێ کاک عەمار فەرهاد سەرۆکی یانەی زاخۆ پەیوەندی پێوە کردم و لە هەواڵی پرسیم، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر پێداویستییەک’.
دوێنێ دووشەممە زاخۆ لە گەڕی پازدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق 3-2 لە نەفتی بەسرەی بردەوە و لە پلەی سێیەمی خولەکە بووە خاوەنی 28 خاڵ.