یاریگا –
یاریدەدەری راهێنەری هەولێر دەڵێت تیپەکەمان لە رووی هێرشبەریەوە دەناڵێنێت و پێویستە هێرشبەرێک بگوازینەوە.
لە گەڕی 14ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 1 بە تەڵەبە دۆڕا، دوای شکستی لە یاریی جامی عێراق، هەولێر سێیەم یارییە لە خولی ئەستێرەکانی عێراقیش سەرکەوتن بە دەست ناهێنێت و دوو شکست و یەکسان زوونێکی هەیە.
حوسێن کازم یاریدەدەری راهێنەری هەولێر، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە هۆکاری شکستەکەیان باس دەکات و گوتی:
هەر چەندە گۆڵی یەکەممان تۆمار کرد بەڵام گۆڵی بەرامبەری ئەوان هەندێک لێکدانەوەی ئێمەی قورستر کرد، گۆڵی دووەمی تەڵەبە بیروبۆچوونی ئێمەی گۆڕی لە نێو یاریگا بۆ هەوڵدان بە تۆمار کردنی گۆڵی بەرامبەر، تیپەکەمان لاون و ئامانجمانە لە داهاتوو زیاتر پێشکەش بکەین، پێویستە بە خێرایی هێرشبەرێک بگوازینەوە بۆ تیپەکەمان چونکە دەناڵێنین لە رووی هێرشبردنەوە، پیرۆزبایی لە تەڵەبە دەکەین، هەوڵدەدەین لە داهاتوو ئەنجامەکانمان راست بکەینەوە.
بەم شکستە هەولێر کەوتە ریزبەندی 11ـەم بە 19 خاڵ و لە گەڕی داهاتووش لە بەغدا رووبەرووی کەرخ دەبێتەوە.
کوڕانی قەڵاو منارە لە 14 یارییدا پێنج سەرکەوتن و چوار یەکسان بوون و پێنج شکستی هەیە، 20 گۆڵی کردووە و 25 گۆڵیشی لێکراوە.