سندووقی گواستنەوەکانی بارسێلۆنا؛ ئیتر بارسا دەست بۆ ناوی گەورە دەبات و لیستێکی پڕی ئامادەیە
کێ لە نێو سندووقی گواستنەوەکانی بارسێلۆنادایە؟
یاریگا –
- خوان لاپۆرتا چۆن مامەڵە لەگەڵ گواستنەوەکانی داهاتوو دەکات؟
- ئاراوخۆ سەرئێشەی دروستکردووە و بارسا چ پلانێکی داناوە؟
- کێ دەبێتە شوێنگرەوەی لیڤاندۆڤسکی؟
- دوایین پەرەسەندنەکانی کەیسی راشفۆرد چین؟
هەرچەندە هەفتەی رابردوو، بارسێلۆنا لە دۆخێکی زۆر سەختدابوو، لەلایەک کێشەی قەرز و لەلایەکی دیکەشەوە، توانای تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆری لە قۆناخی دووەمی لالیگا نەبوو، بەڵام ئێستا ناوی هەردوو یاریزانەکە تۆمارکرا و بارسێلۆنا کلاسیکۆی بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا، لە هەموو گرنگتر، گەڕانەوەی بارسایە بۆ یاسای 1:1 و بەمەش دەتوانن قازانجی دەستکەوتوو بۆ گواستنەوەی یاریزانان بەکاربهێنن.
دوای پێشکەشکردنی بەڵگەی فرۆشتنی کورسی تایبەتەکان (VIP) یاریگای کامپ نووی تەواو نەکراو، بارسا دەتوانێت یاریزان بگوازێتەوە و ئەمەش ئارامییەکی زۆری بە هانزی فلیک داوە.
هەرچەندە ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر نەدابوو، بەڵام هەردوو یاریزانەکە لەگەڵ بارسا گەشتی سعوودییەیان کرد. بەگوێرەی دوا بڕیاریش بێت، ئۆلمۆ و ڤیکتۆر تاوەکو سێ مانگی دیکە، هیچ کێشەیان لە یارییکردن نابێت.
بارسا لە دەستبەرداربوون لە ئاراوخۆ جیدییە؟
لەوانەیە لەڕووی داراییەوە بەڵێ جیدی بێت، بەڵام لەڕووی هونەرییەوە، نەخێر. گرێبەستی ئاراوخۆ لە هاوینی ساڵی 2026 بەسەردەچێت و ئێستا بووەتە ئامانجی چەندین یانەی ئەوروپا و لەسەرووی هەموویانە، یوڤێنتوس.
ئاراوخۆ بەهۆی پێکانەوە، شەش مانگ لە یاریگاکان دابڕا، بەڵام سەرباری ئەمەش، ئاراوخۆ شوێنگرەوەی لە بارسا نییە و یەکێکە لە باشترینەکان.
بارسا بەرگریکاری زۆر باشی بەراورد بە ساڵانی رابردوو هەیە؛ هەریەکە لە پاو کوبارسی، ئینیگۆ مارتینێز، ئێریک گارسیا، ئاندرێس کریستیێنسن و ژووڵس کۆندێ بەرگری لە گۆڵی بارسا دەکەن. جیا لەمانەش، سێرگی دۆمینگێز، کە بەرهەمی بارسێلۆنایە، ناوی چووتە لیستی یەکەم و چاوەڕوانی داهاتووێکی گەورەی لێدەکرێت.
یوڤێنتوس دەستبەرداری خەونی گواستنەوەی ئاراوخۆ نەبووە، بۆیە لەوانەیە لە مێرکاتۆی ئەم زستانەدا، تاوەکو دوا هەناسە، ململانێی گواستنەوەی بکات.
سەرچاوەیەکی باڵای بارسێلۆنا بە تۆڕی ئاتلێتیکی راگەیاندووە، بارسا نایەوێت هیچ یاریزانێک کە گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2026 بەسەربچێت، لەیانەکدا بمێنێتەوە. ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ لەدەست نەدانی هیچ یاریزانێک بەخۆڕایی، بۆیە دەبێ ئاراوخۆ گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، یاخود یانەکە جێبهێڵێت.
کێ لە لیستی دڵخوازەکانی بارسێلۆنادایە؟
دەرکەوتنی مارک کاسادۆ و مارک بێرناڵ، وای لە یانەکە کردووە، بیر لە گواستنەوەی یاریزانی چەق (ناوەڕاستکاری بەرگریکار) نەکاتەوە. بەڵکو تەواوی سەرنجەکە لەسەر دۆزینەوەی شوێنگرەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکییە.
ناوی هەریەکە لە ئالێکساندەر ئیزاک، هێرشبەری نیوکاسڵ یونایتد و بێنیامین شێشکۆ، هێرشبەری لایپزیگ لە لیستی دڵخوازەکانی بارسێلۆنادایە.
مارکوس راشفۆرد یەکێکە لەو یاریزانانەی زۆر باس لە گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا دەکرێت، بەڵام یانەکە هیچ هەنگاوێک نەچووەتە پێش و ئەگەرەکانی پەیوەندیکردنی بە یانە کاتالوونییەکە زۆر لاوازن.
رافینیا لە باڵی چەپ ئاستێکی بەرز پێشکەشدەکات و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، بارسا دەستبەرداری خەونی گواستنەوەی نیکۆ ویڵیامس نەبووە، لە هاوینی داهاتوودا هەموو هەوڵێک بۆ گواستنەوەی دەدرێت.
لەسەر ئاستی دڵی بەرگریدا، بارسا پەیوەندییەکانی لەگەڵ نوێنەری جۆناسان تا، یاریزانی بایەر لیڤەرکوزن دەستپێکردووە، لە کۆتایی ئەم وەرزە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە یاریزانی بارسا.
کام یاریزان بارسێلۆنا جێدەهێڵێت؟
ئاراوخۆ کێشەی سەرەکی مێرکاتۆی ئەم زستانەیە و بارسا کار لەسەر چارەسەرکردنی دەکات. بەرگریکارە ئوروگواییەکە دەیەوێت لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە، چونکە رێزێکی زۆری لێدەگیرێت و یەکێکە لە کاپتنەکانی یانەکە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ، ئاراوخۆ دەیەوێت هەست بە گرنگی خۆی لە یانەکەدا بکات و بارساش ئامادەیە گفتوگۆکانی مانەوەی دەستپێبکات.
بارسا هەڵسەنگاندن بۆ پێکانەکەی مارتینێز دەکات، ئەگەر لە نوێبوونەوە یاخود دووبارەبوونەوەی پێکانەکەی دڵنیابن، ئەوا ناوی دەخرێتە لیستی دەرچووانی یانەکە. یوڤێنتوس یەکێکە لەو یانانەی خواستی گواستنەوەی مارتینێزیان هەیە.
لەوانەیە گارسیا بەخواستن یاخود گرێبەستی هەمیشەیی پەیوەندی بە جیڕۆنا بکات. لە هاوینی رابردوودا، دەنگۆی زۆر لەسەر گواستنەوەی گارسیا هەبوون، بەڵام لەدوای چوونە دەرەوەی ئیلکای گوندۆگان، گارسیا لە یانەکە مایەوە. بەڵام بەهۆی درەوشانەوەی کۆمەڵێک یاریزانی دیکەی هێڵی ناوەڕاست، بژاردەی بەڕێکردنی جارێکی دیکە بەهێزبووەتەوە.
بارسا لاری لەسەر چوونە دەرەوەی ئانسو فاتی نییە، بەڵام لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوو. تاوەکو ئێستا یاریزانەکە ئاستی چاوەڕوانکراوی پێشکەش نەکردووە، تەنانەت لە زۆربەی یارییەکاندا، ناوی لە لیستی یاریزاناندا نییە، بۆیە ئەگەرەکانی بەڕێکردنی کراوەن.