پێدری سەبارەت بە هەڵبژاردەی ئیسپانیا روونکردنەوەیەک دەدات
یاریگا –
لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵێک لە ئیسپانیا بڵاوبووەتەوە کە یاریزانانی بارسێلۆنا دەیانهەوێت بایکۆتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکەن.
بارسا بەهۆی تۆمارنەکردنی گرێبەستی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر، یەک دوو هەفتەی گرژیی بەخۆیەوە بینی و دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەگەر ئەو دوو یاریزانە مۆڵەتی یاریکردنیان پێنەدرێت، یاریزانانی بارسێلۆنا بایکۆتی لارۆخا دەکەن.
پێدری گۆنزالێز، ناوەڕاستکاری بارسێلۆنا، لە لێدوانێکیدا کەمتر لە 24 کاتژمێر پێش یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ریال مەدرید،گوتی:
ئۆلمۆ و ڤیکتۆر لە دۆخێکی ئاڵۆزدا بوون. هەوڵمدا دڵنەواییان بدەمەوە چونکە سەفەرکردن بۆ سعودیە قورس بوو بەبێ ئەوەی بزانیت دەتوانیت یاری بکەیت یان نا. هەروەها سەبارەت به کاردانەوەی هەندێک یانه، دەبێت بڵێم هه موو که سێک بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیه و پێویست ناکات هیچیان پێ بڵێم. سەبارەت بە بایکۆتی هەڵبژاردەی ئیسپانیاش، هەرگیز نەمگوتوە بەهۆی دانی ئۆلمۆوە پەیوەندی بە هەڵبژاردەوە ناکەم. ئەمە درۆیەکی گەورەیە کە هیوادارم کەس باوەڕی نەکردبێت.
ئەو یاریزانە کە گرێبەستی تا ساڵی 2026 لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی گوتی:
ئەوەی بریکارەکەم و یانەکە پێیان گوتم ئەوەیە کە هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەدەچێت. “من زیاتر سەرنجم لەسەر بردنەوەی یاری کۆتاییە نەوەک نوێکردنەوەی گرێبەست، بەڵام هاندەران نابێت خەمی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم بخۆن.