بارسێلۆنا دەیەوێت ئەم هەفتەیە گرێبەستی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ تەواو بکات
یاریگا –
بارسێلۆنا دەیەوێت ئەم هەفتەیە گرێبەستی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ تەواو بکات، هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی مارکۆس راشفۆرد خێراتر دەکات.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، مارکۆس راشفۆرد بووەتە ئامانجی سەرەکی بارسێلۆنا لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم زستانە، یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت بە خواستن هێرشبەرە ئینگلیزەکە بگوازێتەوە ریزەکانی.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە راشیگەیاندووە، بارسێلۆنا دەستی بە گفتوگۆ کردووە و دەیەوێت ئەم هەفتەیە هەنگاوەکان خێراتر بکات، بۆ ئەوەی راشفۆرد بباتە ریزەکانی، کە رۆیشتنی ئەو هێرشبەرە 27 ساڵانە بە رێژەیەکی زۆر لە مان یونایتد یەکلابووەتەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ هەلکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسپانییەکە، یانە کاتالۆنییەکە دەیەوێت لەم زستانە بەشێوەی خواستن گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرە ئینگلیزەکە واژۆ بکات و بژاردەی بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکەشی لەبەردەستدابێت.
ئاستۆن ڤێلا نزیکە لەوەی بە 20 ملیۆن یۆرۆ گرێبەست لەگەڵ بەرگریکاری سێڵتا ڤیگۆ، ئۆسکار مینگوێزا واژۆ بکات، لەو گرێبەستەش 10 ملیۆن یۆرۆ بەشێوەی کاش دەچێتە خەزێنەی بارسێلۆنا.
چونکە یانە کاتالونییەکە لە 2022 بێبەرامبەر دەستبەرداری یاریزانەکە بووە بەڵام بووەتە خاوەنی %50ـی داهاتە ئابوورییەکانیەتی و بە هەر نرخێک پەیوەندی بە یانەیەکی دیکە بکات نیوەی پارەکەی بۆ بارسا دەبێت.
🔙Rashford ya estuvo cerca del Barça
✍️@ferrancorreas https://t.co/5Xg7iAw7BL
— Diario SPORT (@sport) January 10, 2025
بەگوێرەی میدیاکان لەم مانگەدا رۆناڵد ئاراوخۆش یانەکە جێدەهێڵێت دەچێتە یوڤێنتوس. بۆیە بڕێک پارەی دیکە دەگەڕێتەوە خەزێنەی یانەکە و دەتوانن راشفۆردی پێ بگوازنەوە. هاوکات بارسا بەشێوەیەکی فەرمی ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆریشی تۆمارکردووە و بە کۆکردنەوەی ئەو داهاتە زیادەیەش پێناچێت گرفتی تۆمارکردنی ناوی مارکوسی بۆ دروست بێت.
بەڵام بارسا تاکە یانە نییە چاوی لەسەر راشفۆردە، هەریەکە لە یانەکانی ئەیسی میلان، یوڤێنتوس و ئارسیناڵ و کۆمش چاودێری دۆخەکە دەکەن و هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.