ئه‌وروپابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

چەند یانە کریستیانۆ رۆناڵدۆی نوێیان دەوێت؟

جەنگی گەورەکان لەپێناو یۆكێرێش

Yariga App

یاریگا –

ڤیكتۆر یۆكێرێشی سویدی بەهۆی ئاستە بەرزەکەی سەرنجی هەمووانی بۆلای خۆی راکێشاوە و نازناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆی نوێی لێنراوە، چونکە سەرەتای دەرکەوتی ئەفسانە پۆرتوگالییەکەش لە سپۆرتینگ بوو.

یۆكێرێش لە هاوینی 2023 بەبڕی 24 ملیۆن یۆرۆ لە کۆڤێنتری سیتی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە یانە پۆرتوگالییەکە کردووە، لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 71 یاریی 67 گۆڵی بۆ سپۆرتینگ کردووە و 19 گۆڵیشی دروستکردووە.

بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی سەرنجی یانە گەورەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، لە ئێستاوە زۆرینەیان خۆیان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئامادەکردووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی سپۆرت، بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، بارسێلۆنا بیر لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یۆكێرێش دەکاتەوە، چونکە هاوینی داهاتوو تەمەنی هێرشبەرە پۆڵەندییەکە دەبێت بە 37 ساڵ.

بەڵام گرێبەستەکەی لیڤا لەگەڵ یانە کاتالۆنییەکە خودکارانە تاوەکو هاوینی 2026 نوێدەکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە رێگرییەکی گەورە لەبەردەم گواستنەوەی هێرشبەرە سویدییەکە و ئەستەمە لیڤاندۆڤسکی یاخود یۆكێرێش بە کورسی یەدەک رازی ببین.

بەگوێرەی رۆژنامە ئیسپانییەکە، لە پرێمەرلیگیش کێبڕکێ لەسەر گواستنەوەی یۆكێرێش گەرمە، مانچێستەر سیتی و مانچێستەر یونایتد پێشەنگی کێبڕکێکەیان گرتووە.

شەیتانە سوورەکان دەیانەوێت لە رێگەی روبن ئاموریم یاریزانەکە بەدەست بهێنن چونکە یۆكێرێش لە سپۆرتینگ لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە گەشەی کردووە و پەیوەندییەکی پتەو لەنێوانیان هەیە.

یانەکانی ئارسیناڵ، چێڵسی و لیڤەرپوول وە لە فەڕەنساش پاریس سانجێرمان ئارەزووی گواستنەوەی هێرشبەرە تەمەن 26 ساڵانییەکە دەکەن.

بەگوێرەی ترانسفێر مارکێت نرخی یاریزانەکە لە بۆڕسەی یاریزانان 70 ملیۆن یۆرۆیە، بۆیە پێویستە چاوەڕوانبین تاوەکو بزانین لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوو کام یانە جەنگی بەدەستهێنانی یەکێک لە باشترین گۆڵکارەکانی دوو ساڵی دوایی دەباتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button