یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا وردەکاریی پێکانەکەی و ماوەی دوورکەوتنەوەی هیگۆر ڤیدال ئاشکرا دەکات کە لە یاریی بەرامبەر نەفتی میسان لە شانی تووشی پێکان بوو.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی وەرزشی یاریگا، هیگۆر ڤیدال ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی بەرامبەر نەفتی میسان تووشی بوو، شانی شکاوە و بەلایەنی کەم پێویستی بە مانگێکە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە یاریگاکان، بەمەش ساڵی 2024 بۆ ناوەڕاستکارە بەڕازیلییەکە کۆتایی هات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، دوێنێ شەممە لە بەسرە پشکنینی پزیشکی بۆ هیگۆر ڤیدال کراوە و دەرکەوتووە ئەو ناوەڕاستکارە بەڕازیلییە لە شانی تووشی شکان بووە، رۆژی سێشەممە ڤیدال دەگەڕێتەوە هەولێر بۆ ئەوەی چارەسەری پێکانەکەی بکرێت.
یانەی هەولێر لەبارەی پێکانەکەی ڤیدال بە یاریگای راگەیاند، رۆژی سێشەممە هیگۆر لە بەسرەوە دەگەڕێتەوە هەولێر، تاوەکو بتوانین هەوڵ دەدەین بەبێ نەشتەرگەری پێکانەکەی چاک بێتەوە، ئەگەر پێویستی بە نەشتەرگەری نەبێت، مانگێک لە یاریگاکان دادەبڕێت.
ئەم وەرزە پەتای پێکان یەخەی یاریزانانی هەولێری گرتووە، دوای تێپەڕبوونی 9 گەڕ تا ئێستا 6 یاریزانی هەولێر تووشی پێکان بوون.
هەولێر لەکۆی 9 یاری 15 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت و بە جیاوازیی گۆڵ لەدواوەی نەفت پێشەنگی خولەکە دێت، هەولێر تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پێنج بۆ شەش یاریی دیکە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات و هیگۆر ڤیدال لەو یارییانە بێبەش دەبێت.
یانەکەی قەڵاومنارە لە یاریی داهاتووی دەبێتە میوانی مینا، ئینجا دواتر یانەکەی پایتەخت میوانداریی کارەبا دەکات و لە گەڕی دوازدەمیش دەبێتە میوانی شوڕتە، دواتر هەولێر میوانداریی گەرمە دەکات و ئینجا دەبێتە میوانی تەڵەبە و لە گەڕی پازدەمیش دەبێتە میوانی کەرخ.