یاریگا –
ریال مەدرید بەر لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، پێشبینی ئەم دۆخەی ئێستای کردبوو.
تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید تەواوی وردەکارییەکانی لەسەر ئێمباپێ کۆکردبووەوە و پێشبینی ئەم دۆخەی ئێستای کیلیانی کردبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕەکە بێت، ریال مەدرید راپۆرتێکی تەواوی لەبەردەستدا بووە، بەگوێرەی راپۆرتەکە؛ ئاستی ئێمباپێ لە دوای بردنەوەی مۆندیالی 2018ی رووسیا، وەرز دوای وەرز دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی زۆری گەشتکردن و ماندووبوونی لەڕادەبەدەر، بۆیە وەرز دوای وەرز، ئاستی دابەزیوە.
پێچەوانەی ژمارەی گۆڵ و پاسی یەکلاییکەرەوە لەگەڵ پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی فەڕەنسا کە هۆکاربوون بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکە، بەڵام ئەوەی بەلای سەرۆکی ریال مەدرید گرنگ بوو، بەدەستهێنانی خزمەتەکانی بوو بەبێ بەرامبەر، هەروەها لەڕووی بەبازاڕکردنەوە، وەبەرهێنانێکە بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر بۆ یانەکە.
تۆڕی رێلێڤۆ لەزاری بەرپرسێکی باڵای ریال مەدرید روونیکردووەتەوە، لە ریال مەدرید چاوەڕێی دووبارە درەوشانەوەی ئێمباپێن، لە مەشقەکاندا کیلیان هەمووان سەرسام دەکات و دەیانەوێت ئەم ئاستە لە یارییەکاندا ببینن.
کەسانی نزیک لە ئێمباپێ بە رێلێڤۆیان گوتووە، ئێمباپێ بە ساتێکی زۆر هەستیار تێدەپەڕێت، بەتایبەت ئاماری یارییەکان لە بەرژەوەندی کیلیاندا نین. بۆیە پێویستی بە گۆڕانکاری بنچینەیی لەسەر ئاستی جەستەیی و دەروونی هەیە، تاوەکو بتوانێت ببێتەوە کیلیانی جاران.