کاردانەوەیەکی نامۆی گواردیۆلا دوای یەکسانبوونیان لەگەڵ فاینۆرد
فەیلەسووف یەکەمجارە رووبەڕووی دۆخێکی لەوشێوەیە دەبێتەوە
یاریگا –
شەوی رابردوو لە یارییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، مانچێستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحاد میوانداری فاینۆردی هۆڵەندی کرد.
هەرچەندە سیتیزنس سەرەتا لە رێگەی ئێرلینگ هالاند دوو گۆڵ و ئیلکای گۆندۆگان گۆڵێک، 3-0 پێشکەوت و یارییەکە تاوەکو خولەکی 74 بەو ئەنجامە بەردەوامبوو، بەڵام یانە هۆڵەندییەکە لە 15 خولەکی کۆتایی 3 گۆڵی کرد و یارییەکە 3-3 کۆتایی هات.
گواردیۆلا دوای یارییەکە بە برینێک لەسەر لووتی بەشداری کۆنگرەی رۆژنامەوانی کرد، کاتێک رۆژنامەنووسێک پرسیاری لە بارەی هۆکاری برینەکەی لێ دەکات، پێپ بەشێوەیەکی سەیر دەڵێت خۆم وام لەخۆم کردووە.
بە نینۆکی خۆم لووتی خۆمم بریندار کرد، دەمەوێت ئازاری خۆم بدەم.
Pep Guardiola has reacted to the cuts and scratches on his face following Man City's draw with Feyenoord 🤕 pic.twitter.com/gMN8ZvXFup
— Football on TNT Sports (@footballontnt) November 26, 2024
پێنج یارییە بەدوای یەک مانچێستەر سیتی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تامی بردنەوەی نەکردووە، چوار یاریی دۆڕاندووە و یەک یارییش یەکسانبووە. پێپ گواردیۆلا بە درێژایی کاروانی وەرزشی خۆی یەکەمجارە ئەوەی بەسەردێت و هەرگیز بە دۆخێکی هاوشێوە تێنەپەڕیووە.
پێویستە ئەو راستییە قبووڵ بکەم، ئەم وەرزە زۆر بۆمان سەخت دەبێت.
پێپ هەفتەی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە بۆ دوو وەرزی دیکە نوێکردەوە. بەڵام ئەگەر دۆخەکە هەر بەمشێوەیە بەردەوامبێت ئەگەری مانەوەی لە یانەکە زۆر بەهێز نابێت.