یاریگا –
برایەتی دوای گرتنی پەڵپ لە سەر یاریزانێکی هەولێر، سێ خاڵی یارییەکەی بۆ هەژمار کرا.
له گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان، برایەتی و هەولێر بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، دوای تەواو بوونی یارییەکە برایەتی پەڵپی لە سەر محەمەد سەلام یاریزانی هەولێر گرت، یاریزانەکە وەرزی رابردوو بۆ برایەتی یاریی کردووە، بەبێ وەرگرتنی مافی دەستبەر داربوون یاریی بۆ هەولێر کردووە کە ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانە، بۆیە یارییەکە 3 _ 0 لە بەرژەوەندی برایەتی هەژمار کرا.
دەقی راگەیەنراوەکەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان.
سەبارەت بە پەڵپی یانەی برایەتی لە سەر موحەمەد سەلام یاریزانی یانەی هەولێر.
دوای پەڵپی یانەی برایەتی لە سەر موحەمەد سەلام یاریزانی یانەی هەولێر کە لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان یاریزانەکە لە یاریەکە بەشداری پێکرا، لیژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دوای لێکۆڵینەوە و بەدوا داچوون ئەوە سەلمێنرا کە موحەمەد سەلام یاریزانی ژمارە ( 14 )ـی یانەی هەولێر وەرزی رابردوو بۆ یانەی برایەتی یاری کردووە، ئەم وەرزەش گرێبەستی لەگەڵ هەولێر کردووە و بەبێ وەرگرتنی مافی دەستبەرداربوون لە یانەی برایەتی یاری بۆ هەولێر کردووە کە ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانە، بۆیە لێژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا بە هەژمارکردنی ئەنجامی یاریەکە 3 _ 0 لە بەرژەوەندی یانەی برایەتی.
بەم ئەنجامەش کۆی خاڵەکانی برایەتی بەرز دەبێتەوە بۆ حەفت خاڵ و هەولێریش یەک خاڵی هەیە و یارییەکی دواخرایشی بەرامبەر ئاکرێ هەیە.