یاریگا –
دهۆک کۆتایی بە ئامادەکاری بۆ یارییەکەی بەرامبەر نەسڕی ئیماڕاتی هێنا و راهێنەری تیپەکەش دەڵێت ئامادەین.
سێ شەممە ( 26ـی نۆڤێمبەری 2024 ) لە گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، دهۆک لە یاریگای خۆی کاتژمێر 8ـی شەو میوانداری نەسڕی ئیماڕاتی دەکات، چەند رۆژێکە تایبەت دوای وەستانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دهۆک مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە چڕ کردۆتەوە.
مەسعود میراڵ راهێنەری دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەربارەی ئامادەکاری تیپەکە گوتی:
ئامادەین بۆ یارییەکەی بەرامبەر نەسڕ، من لە نزیکەوە شرۆدەری راهێنەری نەسڕ دەناسم و دەزانم ئەو چۆن بیر دەکاتەوە و دەیەوێت چۆن یاریی بکات، پێویستە کۆنەڕۆڵی هەموو شوێنێکی یاریگا بکەین و نابێ دەرفەت بە یاریزانەکانی تیپی بەرامبەر بدەین، دەبێ باوەڕمان بە توانا و ئاستی خۆمان هەبێت.
یانیک زاکیری یاریزانی پیشەگەری دهۆک کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە ئامادەبوو، سەبارەت بە گرنگی و ئامادەکاری تیپەکە گوتی:
تیپی بەرامبەرمان تیپێکی بەهێزە و لە ریزبەندی یەکەمن کە هەر دوو یارییان بردۆتەوە، ئێمە رێزیان لێدەگرین بەڵام نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە ئێمەش وەکو ئەوان بەهێزین تایبەت لە یاریگای خۆمان یاریی دەکەین، زانیاری وخوێندنەوەی یارییەکە لە گێمی یەکەم سودێکی باشی دەبێت لە گێمی دووەم بۆ ئێمە.
دهۆک لە کۆمەڵەی یەکەم دوو یاریی لە خولەکە کردووە و بە چوار خاڵ لە ریزبەندی دووەم دێت، نەسری ئیماڕاتیش لە هەر دوو یارییدا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و بە شەش خاڵ لە ریزبەندی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دێت.