دەمانەوێت پرێمەرلیگ ببەینەوە؛ فێرناندێش ئامانجەکانی مان یونایتد و خەونی مۆندیال ئاشکرا دەکات
بڕونۆ کۆتایی بە وشکەساڵییەکی 16 ساڵەی مانچێستەر یونایتد دەهێنێت

یاریگا –
بڕونۆ فێرناندێش، کاپتنی یانەی مانچێستەر یونایتد، بە فەرمی خەڵاتی ناوداری باشترین یاریزانی ساڵی لەلایەن کۆمەڵەی نووسەرانی وەرزشییەوە پێبەخشرا، بەمەش بوو بە یەکەم یاریزانی شەیتانە سوورەکان کە لە دوای واین روونی لە ساڵی 2010ـەوە ئەم خەڵاتە بەدەستبهێنێت.
دوای وەرزێکی ناوازە کە تێیدا مان یونایتد بلیتێکی گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کرد، ئەستێرە پورتوگالییەکە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی میرەر، تیشکی خستە سەر دۆخی یانەکە و داهاتووی خۆی.
🗣️ “I’m not very good at hiding things!”
Bruno Fernandes opens up on his personal ambitions and goals with Man Utd | @johncrossmirror https://t.co/ftR8caQg4v pic.twitter.com/KRsjhMehd5
— Mirror Football (@MirrorFootball) May 15, 2026
چوونە نێو ریزی مەزنەکانی ئۆڵد ترافۆرد
فێرناندێش دڵخۆشیی قووڵی خۆی دەربڕی بەوەی ناوی چووەتە پاڵ ئەفسانەکانی پێشووی مان یونایتد کە ئەم خەڵاتەیان بردووەتەوە، وەکوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ، جۆرج بێست، رۆی کین و بۆبی چاڕڵتن، بەڵام وەکوو کاپتنێک، ئەو ستایشەکانی بۆ تەواوی تیپەکە گەڕاندەوە؛
هەمیشە گوتوومە پێم باشترە نازناوی بەکۆمەڵ ببەمەوە نەک تاکەکەسی.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ناساندنە تەنیا نیشانەی ئەوەیە کە ئەو لەسەر رێڕەوی راستە بۆ یارمەتیدانی یانەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکانی لە داهاتوودا، کە ئەویش بردنەوەی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگە.

راوکردنی مێژووی هێنری و دی برۆین
لە کاتێکدا فێرناندێش تەنیا یەک هەنگاو لە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی زۆرترین ئەسیست لە یەک وەرزدا لە مێژووی پریمەرلیگ [20 ئەسیست] دوورە، کە لەلایەن تیێری هێنری و کیڤن دی برۆینەوە تۆمارکراوە، بەڵام کەمتر سەرنجی لەسەر ئەوەیە. ب
ئەو ژمارە پێوانەیییە دەستکەوتێکی سەرسوڕهێنەر دەبێت، بەڵام شتێک نییە کە تەواوی سەرنجی خۆمی لەسەر کۆبکەمەوە چونکە ئامانجی سەرەکیمان سەرکەوتن بوو بۆ چامپیۆنزلیگ.
بڕونۆ باسی لە گرنگترین ساتەکانی وەرزەکەی کرد، بەتایبەت ئەو راکردنە 40 مەترییە و ئەسیستە بێوێنەیەی بۆ براین ئێمبوێمۆ لە یاریی دێربی مانچێستەردا.
کاریگەریی جادوویی مایکڵ کاریک
کاپتنەکەی شەیتانە سوورەکان ستایشی بێپایانی مایکڵ کاریکی کرد، کە دوای جێگیرکردنی دۆخی تیپەکە، ئێستا لە رێککەوتنی کۆتاییدایە بۆ بوون بە راهێنەری هەمیشەیی. بڕونۆ ئاماژەی بە گواستنەوەی سەرکەوتووانەی کاریک لە یاریزانەوە بۆ راهێنەر کرد و باسی لەو هێمنی و زیرەکییە تاکتیکییە کرد کە هێناویەتیە نێو تیپەکەوە
کاتێک وەکوو یاریزانێک بیر دەکەیتەوە و یاریی دەبینیت، دەتوانیت لەسەر کورسیی یەدەکیش هەمان شت بکەیت. ئەو هێمنی و ئەزموونەی کاریک لەسەر کورسیی یەدەک هەیەتی، پێشانیدەدات کە ئەو راهێنەرێکی گەورەیە و لە کۆتایی وەرزدا کارێکی مێژوویی کرد.
چاوەکان لەسەر مۆندیالی 2026
بۆ سەیری هاوین، هێرشبەرە بەپەرۆشەکەی پۆرتوگال چاوی لە لووتکەی شانازییە نێودەوڵەتییەکانە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانییەکەی. بەهۆی بوونی پێکهاتەیەکی بەهێز و پڕ لە ئەستێرە لە پۆرتوگال، بڕونۆ ئامانجەکەی بە روونی دیاریکرد؛
خەونەکە لێرەیە؛ ئامانجمان هەمیشە گەیشتنە بە دوورترین خاڵ بۆ بردنەوەی نازناوەکە… ئێمە هەوڵدەدەین رۆژی 20ـی تەمموز [دوای یاریی کۆتایی مۆندیال] جامەکە ببەینەوە ماڵەوە.



