رۆژنامەی ئاس: خەریکە ئانچێلۆتی متمانەی بە ئەستێرەیەک نامێنێت
'ئامارەکان دژی یاریزانەکان'
یاریگا –
کارلۆ ئانچێلۆتی خەریکە متمانە بە ئۆرێلیەن چوامینی لەدەستدەدات.
رۆژنامەی ئاس راپۆرتێکی لەبارەی ئاستی چوامینی لەم وەرزەی ریال مەدرید بڵاوکردووەتەوە و تەواوی ئامارە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دەستنیشانکردووە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، رۆژنامە نزیکەکەی مەدرید دەڵێت؛ ئانچێلۆتی خەریکە متمانەی بە چوامینی نامێنێت.
چوامینی لە هاوینی ساڵی 2022 بە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد و بۆ شوێنگرتنەوەی کاسێمیرۆ گرێبەستی لەگەڵدا واژۆکرابوو و هەر ئەمەش بووە هۆکاری سەرەکی گواستنەوەی یاریزانە بەڕازیلییەکە بۆ مانچێستەر یونایتد.
رۆژنامەکە نووسیویەتی؛ لە یاریی شەوی رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر ئەیسی میلان، چوامینی بەرپرسیاری دوو گۆڵ بوو، بۆیە فشارەکانی سەر یاریزانەکە گەیشتووەتە لووتکە.
ژمارەکان دژی چوامینین
لە گێمی یەکەمدا، ئۆرێلیەن نەیتوانی هیچ تۆپێک بەرپەچ بداتەوە، هەرچەندە ئەمە ئەرکی سەرەکی ئەستێرە فەڕەنسییەکە بوو لە یارییەکەدا. بەڵام تەنیا ئاماری شەوی رابردوو دژی ئەو نییە، بەڵکو لە چوار بەشدارییەکەی چامپیۆنزلیگی، تەنیا 10 تۆپی بەرپەچ داوەتەوە و لەسەر ئاستی ئەوروپاش لە ریزبەندی دواوەی ئەو یاریزانانەدایە کە زۆرترین تۆپییان بەرپەرچ داوەتەوە.
لەسەر ئاستی لالیگا، بەدرێژایی ئەم وەرزە، چوامینی تەنیا 44 تۆپی بەرپەچ داوەتەوە و لە ریزبەندی 19ی ئەو یاریزانانە دێت، کە زۆرترین تۆپییان پچڕاندووە و بەرپەچ داوەتەوە. یاریزانانی وەکو کۆکێ، پێپێلوو، پێدری، تۆرێس لە پێشەوەی چوامینیدان.