یاریگا –
بە ئەگەرێکی زۆر یاریی سبەی هەولێر بەرامبەر نەفتی بەسرە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دوادەخرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، بە رێژەیەکی زۆر یاریی سبەی هەولێر بەرامبەر نەفتی بەسرە لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دوادەخرێت، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا سبەی لە هەولێر بەلێزمە باران دەبارێت، لە کاتی یارییەکە لە کاتژمێر 17:00 بۆ 21:00 بارانی بەلێزمە دەبارێت.
گەرچی تاوەکو دوو کاتژمێر پێش یارییەکە، سەرپەرشتیاری یارییەکەی هەولێر و نەفتی بەسرە بڕیار لەبارەی ئەنجامدران یان دواخستنی یارییەکە نادات، بەڵام چیمەنی یاریگای فڕانسۆ هەریری لە یاریی رابردوو بەرامبەر نەجەف تێکچوو بوو، سەمیر بابۆ راهێنەری هەولێر دوای یارییەکە گلەیی لە خراپی چیمەنی یاریگای یانەکەی کرد.
سبەی یەکشەممە کاتژمێر 17:15، هەولیر لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستیرەکانی عێراق میوانداریی نەفتی بەسرە دەکات، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو رێژەیەکی بەرچاو لە هەولێر باران ببارێت، بەمەش چیمەنی یاریگای فڕانسۆ هەریری بە کەلکی یاریکردن نایەت و بە رێژەیەکی زۆر سەرپەرشتیاری یارییەکە بە ناچاری بڕیاری دواخستنی یارییەکە دەدات.
هەولێر دوای یارییەکەی نەفتی بەسرە، رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 19:45 لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە گەڕی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێتە میوانی زاخۆ، دواتر یارییەکانی خولەکە بەهۆی یارییە نێودەوڵەتییەکانی فیفا دەوەستێت.