یاریگا –
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی رایدەگەیەنێت، هەریەکە لە ساڤینیۆ و مانوێل ئاکانجی لە لیستی پێکراوەکان زیادبوون.
مان سیتی لە جامی کاراباو 2-1 بە تۆتنهام دۆڕا و گواردیۆلا روونیکردەوە، تەنیا 13 یاریزانی بەردەست هەبووە.
ساڤینیۆ لە خوولەکی 62 بەهۆی پێکانی پاژنەپێ یاریگای جێهێشت و ئاکانجی لە مەشقەکانی ئامادەکاری یارییەکەدا تووشی پێکانبوو.
مان سیتی کێشەیەکی گەورەی پێکانی هەیە و ئێستا بێ بەشە لە تواناکانی کێڤن دی بڕۆین، رۆدری، کایڵ وۆڵکەر، ئۆسکار بۆب، جێرێمی دۆکو و جاک گریلیش.
گواردیۆلا لە دوای یارییەکە گوتی
ئێستا تەنیا 13 یاریزانم بەردەستە، بۆیە دۆخمان زۆر سەختە و ئەوانەی ئێستاش یاریی دەکەن، لە کۆتاییدا ماندوو دەبن و کێشەی دیکەمان بۆ دروست دەبێت. پێم وایە ئێستا لە قەیرانداین چونکە لە ماوەی 9 ساڵی رابردوودا، هەرگیز ئەم ژمارە زۆرەی پێکانمان نەبووە.
هیوادارم پێکانی ساڤینیۆ مەترسیدار نەبێت، ئاکانجی کێشەی لە ماسوولکەکانیدا هەیە.
مان سیتی بە جیاوازی یەک خاڵ لەگەڵ لیڤەرپوول لە پلەی یەکەمی پرێمەرلیگدا دێت و شەممە رووبەڕووی بۆرنمس دەبێتەوە.