هەڵوێستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ چییە؟
یاریگا –
یانەی نەسڕی سعوودی بەفەرمی ئۆفەرێکی پێشکەشی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کردووە، بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەڵوێستی هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە روون نییە.
کەناڵی SSCـی سعوودی ئاشکرایکردووە، مانگێک لەمەوبەر یانەی نەسڕی سعوودی ئۆفەرێکی پێشکەشی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کردووە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە نوێبکرێتەوە، کە گرێبەستەکەی ئێستای هاوینی 2025 کۆتایی دێت.
کەناڵە سعوودییەکە ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ هێشتا وەڵامی ئۆفەرەکەی نەسڕی نەداوەتەوە و دەیەوێت زیاتر بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بکاتەوە، چونکە هێشتا لەبارەی داهاتووی کاروانی وەرزشی خۆی یەکلانەکردووەتەوە و نازانێت لە یاریی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت یان نا، دۆن داوای کاتی زیاتری کردووە بۆ ئەوەی بیر بکاتەوە.
کریستیانۆ کە سەرەتای ساڵی 2023 بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی نەسڕ کرد، تەمەنی گەیشتووەتە 39 ساڵ، پێشتر میدیاکانی پۆرتوگاڵ رایانگەیاندبوو دایکی رۆناڵدۆ داوای لە کوڕەکەی کردووە، لە کۆتایی کاروانی وەرزشیدا بگەڕێتەوە ریزەکانی سپۆرتینگ لیسبۆن و درێسی ئەو یانە پۆرتوگاڵییە بپۆشێت، کە هەر لەو یانەیە دەستی بە یاریی کرد.