ئیسپانیافه‌ره‌نساگرنگترین

لە فەڕەنسا هەمووان لە ئێمباپێ تووڕەن

بە خۆدزینەوە تۆمەتبار دەکرێت

Yariga App

یاریگا –

لە فەڕەنسا رەخنەیەکی زۆر لە کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی ریال مەدرید دەگیرێت و بە خۆدزینەوە لە ئەرکی نیشتمانی تۆمەتبار دەکرێت.

ئێمباپێ بە بیانووی پێکان، بانگهێشتی هەردوو یارییەکەی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە نەیشنزلیگ بەرامبەر ئیسرائیل و بەلجیکا نەکراوە، کەچی بەشداری هەردوو یاریی پێشووی ریال مەدریدی کرد.

دیدیێ دیشان، راهێنەری فەڕەنسا لەبارەی بانگهێشت نەکردنی ئێمباپێ روونیکردووەتەوە

ئامادەکارییەکانی ئێمباپێ لە ئاستی پێویستدانین و کەم یاریکردووە، بۆیە بانگهێشت نەکراوە.

ناوی ئێمباپێ لە یاریی رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر ڤیاڕیال لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوو، ئەمەش نیگەرانی لای هاندەر و ئەفسانەکانی فەڕەنسا دروستکردووە.

ماکسیم بۆسیس، ئەفسانەی فەڕەنسا لەبارەی بانگهێشت نەکردنی ئێمباپێ بەمجۆرە قسەی بۆ رۆژنامەی لیکیپ کردووە

دەبێ پێکانت هەبێت و یاریی بۆ یانەکەت نەکەیت، ئینجا بانگهێشتی هەڵبژاردەی نیشتمانی نەکرێیت، بەڵام کاتێک وەکو یاریزانی یەدەک بەشداری لە یارییەکی چامپیۆنزلیگ دەکەیت و لە یاریی دواتریش لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەبیت، ئەمە بابەتەکە دەشێوێنێت. ئێمباپێ یاریزانێکی ناوازەیە، بیرمە کاتێک لەگەڵ میشێل پلاتینی یاریمان دەکرد، حەزمان دەکرد، لە کاتی پێکانیشدا لەگەڵمان ئامادەبێت.

دۆخی ئێمباپێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا ئاڵۆزە، چونکە خۆی کاپتنی یەکەمە و لە کاتی ئامادەنەبوونیدا، نیشانەی کاپتنی بە ئانتوان گریزمان دەدات، کە ئەویش چەند رۆژێک لەمەوبەر وازی لەیاریی نێودەوڵەتی هێنا و تاوەکو ئێستا دیارنییە، کێ دەبێتە کاپتنی دوو یاریی داهاتووی کەڵەشێرەکان.

گریزمان لە ساڵانی 2017 تاوەکو 2024 یاریی بۆ هەڵبژاردەی فەڕەنسا کردووە، خاوەنی ریکۆردێکی مێژووییە و بەشداری لە 84 یاریی بەدوای یەکدا کردووە.

فابیان بۆنێت، گوتەبێژی کۆمەڵەی هاندەرانی فەڕەنسا بە رۆژنامەی لیکیپ ی گووتوە

ئێمباپێ وەکو کاپتنێک، دەبێ ببێتە نموونە بۆ هاندەران، تاوەکو ئێستا نەبووەتە ئەو نموونەیە. بەڕاستی کاپتنی راستەقینەی ئێمە گریزمان بوو، بەڵام ئەویش نەماوە.

فەڕەنسا لە کۆمەڵەی یەکەمی نەیشنزلیگە، پێنجشەممە لە بوداپێست رووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە و دووشەممەی داهاتووش رووبەڕووی بەلجیکا دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button