عێراق

دهۆک دەبێتە یەکەم یانە لە عێراق بوکەڵەی تایبەت بە خۆی دروست بکات

Yariga App

یاریگا –

دهۆک دەبێتە یەکەم یانە لە سەر ئاستی عێراق بوکەڵەی تایبەت بە خۆی دروست بکات.

یانەی دهۆک لە یاریی بەرامبەر هەولێر لە گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بوکەڵەیەکی تایبەت بە خۆی بە هاندەران ناساند، ئەو بوکەڵەیە لەسەر شێوازی هەڵۆ دروستکراوە کە سیمبوڵی یانەی دهۆک و هاندەران بە ‘ئەلهۆ’ ناوی بوکەڵەکە دەهێنن.

میللەت جەمال، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا لەبارەی بوکەڵەی یانەکەیان گوتی :’وەرزی رابردوو ئێمە ئەم بیرۆکەیەمان هەبوو، بوکەڵەیەکی تایبەت بە یانەکەمان دروست بکەین بەڵام نەمانتوانی، ئەم وەرزە لە یارییەکەی هەولێر توانیمان ئەم بیرۆکەیە جێبەجێ بکەین، لەمەودوا لە هەموو یارییەکی یانەکەمان لە یاریگای دهۆک بوکەڵەی ئەلهۆ لە یاریگا دەبێت’.

لەبارەی ناوی بوکەڵەی یانەکەیان، میللەت جەمال گوتیشی :’بوکەڵەکەمان ناوی ئەلهۆیە، لە بادینی ئێمە بە هەڵۆ دەڵێین ئەلهۆ، بۆیە هاندەران هەمیشە بە ئەلهۆ ناوی دەبەن کە سیمبوڵی یانەکەمانە’.

لەلایەکی دیکە، شڤان محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆک لەبارەی بەکەڵەی یانەکەیان گوتی :’دەمانەوێت بۆ یارییەکانی یانەکەمان لە جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو شەش بوکەڵە لەناو یاریگا هەبێت، ئێستا چوار دانەمان دروستکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوو دوو بوکەڵەی دیکەش دەگەن، کە بەشێکی بوکەڵەکانمان لە چین دروستکردووە’.

بوکەڵەی ‘ئەلهۆ’ لە یارییەکەی دهۆک و هەولێر کە بە ئامادەبوونی زیاتر لە 22 هەزار هاندەر بەڕێوەچوو، ئەگەرچی هەڵۆیەکانی چیا لەو یارییە دۆڕان، بەڵام بوکەڵەکە جۆش و خرۆشی بە هاندەرانی یانەکەی دابوو، دیمەنێکی مۆدێرنیشی بە یارییەکە دابوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button