بەرگریکردن لە ڤان دایک؛ کڵۆپ وەڵامێکی توندی ڤان دێر ڤارت دەداتەوە
هێندە گرنگ نییە...

یاریگا –
یۆرگن کلۆپ بەرگری لە ڤێرجڵ ڤان دایک کرد دوای ئەوەی بەرگریکارە هۆڵەندییەکە لەلایەن رافایێل ڤان دێر ڤارتەوە رەخنەی لێگیرا، ئەمەش بەهۆی یەکسانبوونی هۆڵەندا لە بەرامبەر ژاپۆن بە ئەنجامی 2-2. یاریزانە نێودەوڵەتییەکەی پێشووی هۆڵەندا سەرسام نەبوو بە ئاستی ڤان دایک، بە تایبەتی لە یەکێک لە ساتەکاندا کە تێیدا نەیتوانی بە وردی چاودێریی هێرشبەری نووکی ژاپۆنی یودا بکات.
کلۆپ، کە لە نێوان ساڵانی 2018 تاوەکوو 2024 لە لیڤەرپوول راهێنەرایەتیی ڤان دایکی کردووە و ئێستاش سەرپەرشتیی کاروبارەکانی تۆپی پێ لە رێد بوڵ دەکات، بە شێوەیەکی راشکاو وەڵامی لێدوانەکانی ڤان دێر ڤارتی دایەوە. یاریزانەکەی پێشووی هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید لە رەخنەکانیدا ڤان دایکی بە فڕۆکەیەکی بۆینگ 747 چواندبوو.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە نەیدەویست گفتوگۆکە درێژە پێبدات بەڵام یەک بۆچوونی خۆی لەسەر شێوازی شیکردنەوەی ڤان دێر ڤارت ئاشکرا کرد. کلۆپ بە گاڵتەجاڕییەوە گوتی:
من نازانم ئایا رافایێل ڤان دێر ڤارت شایەنی باسکردنە یاخود نا، بەڵام ئەگەر رۆژێک لە رۆژان شتێکی ئەرێنی لەسەر یاریزانێک بڵێت، من بە خۆشحاڵییەوە جارێکی دیکە بە جدی وەریدەگرمەوە. وا دیارە ئەو شتێک دەبینێت، هەست دەکات بە شێوازێکی کەمێک سەرنجڕاکێشەوە دەری ببڕێت و پاشان بە توندی هێرش دەکات. بەڵام ئەمە هێندە گرنگ نییە…



