ئیسپانیاگرنگترین

جارێکی دیکە شانی بێڵینگهام هاندەرانی ریال مەدریدی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە

Yariga App

یاریگا –

بێڵینگهام لە یاریی بەرامبەر ئیسپانیۆل جارێکی دیکە بەهۆی ئازاری شانی ترسی خستەوە ناو دڵی هاندەرانی ریال مەدرید.

جود بێڵێنگهام ناوەڕاستکاری ئینگلیزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە یاریی بەرامبەر ئیسپانیۆل لە خولەکی 84 یاریگای بەجێهێشت، لە شانی چەپی هەستی بە ئازار دەکرد، کە ساڵی رابردوو بە دەست ئازاری ئەو شانەی دەیناڵاند.

دوای یارییەکە کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی پێکانەکەی بێڵێنگهامەوە گوتی :’دەیتوانی بەبێ هیچ کێشەیەک یارییەکە تەواو بکات، بەشێوەیەکی گشتی پێویست ناکات دوودڵ بین، بەڵام رۆژی یەکشەممە پشکنینەکان زیاترمان بۆ روون دەکەنەوە’.

Image

هەروەها گوتیشی :’بێڵینگهام ماوەیەکی زۆر بوو پارێزبەندی بۆ شانی بەکاردەهێنا، بەڵام مانگێک لەمەوبەر پارێزبەندییەکەی فڕێدا، چونکە دۆخی جێگیر ببوو، بەڵام وادیارە جارێکی دیکە ئازارەکەی سەری هەڵداوەتەوە، بێڵێنگهام داوای نەکرد بیهێنمە دەرەوە، بڕوام وایە بۆ یاریی داهاتوو ئامادە دەبێت’.

بێڵینگهام لە نۆڤێمبەری 2023 لە شانی چەپی تووشی پێکان بوو، ئەوکات سێ هەفتە لە یاریگاکان دوورکەوتەوە، ئەوکات پزیشکەکان رێنماییان کرد نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، بەڵام ناوەڕاستکارەکەی ریال مەدرید بڕیاریدا تاوەکو ئەم هاوینە لە یاریکردن بەردەوام بێت و دوای یۆرۆ نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، کەچی ئەم هاوینەش نەشتەرگەرییەکەی نەکرد.

رۆژی سێشەممە ریال مەدرید لە گەڕی حەفتەمی لالیگا رووبەڕووی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس دەبێتەوە، کە یارییەکە کاتژمێر 22:00 لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button