عێراق

کێشەکانی یانەی زەوڕا بەردەوامن؛ جارێکی دیکە لێژنەی ئۆڵێمپی دەستەی کارگێڕی یانەکەی هەڵوەشاندەوە

Yariga App

یاریگا –

کێشەکانی یانەی زەوڕا بەردەوامن و جارێکی دیکە لێژنەی ئۆڵێمپی دەستەی کارگێڕی یانەکەی هەڵوەشاندەوە، لەکاتێکدا دادگا دەستەی کاتی یانەکەشی رەتکردبووەوە.

لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی ئابی 2024) جارێکی دیکە دەستەی کارگێڕی یانەی زەوڕای هەڵوەشاندەوە و رایگەیاندووە، بەهۆی سەرپێچی یاسایی دەستەیەکی کاتی نوێ بۆ یانەکە دادەنرێت، لەکاتێکدا پێشتر عەقیل موفتن سەرۆکی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق لە بەیاننامەیەکیدا لەبارەی بڕیارەکەی ناوەندی چارەسەرکردن و ناوبژیوانی وەرزشی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستەی کارگێڕی کاتی یانەی زەوڕا رایگەیاندووە، بڕیارەکە دەسەڵات بە دەستەی کارگێڕی کاتی یانەی زەوڕا نادات و دووپاتیکردووەتەوە، ئەوان لەسەر رێکارە یاساییەکانیان بۆ رێکخستنەوەی کارگێڕی یانەی زەوڕا و یانەکانی دیکە بەردەوام دەبن.

پێشتر فەڵاح حەسەن دوای گەڕانەوەیان بۆ بەڕێوەبردنی یانەکە گوتی :’لە یەکەم ساتەوە ئێمە لە رووی یاساییبوونی خۆمان دڵنیابووین، پەیوەندییەکی باشیشمان لەگەڵ لێژنەی ئۆڵێمی هەیە، سەرەڕای هەموو ئەو رووداوانەی روویدا هێشتا پەیوەندییەکانمان باشن’.

هەروەها سەرۆکی یانەی زەوڕا گوتیشی :’ئێمە لە سەرەتاوە متمانەی تەواومان بە دامەزراوە یاساییەکان هەبووە و سوپاس بۆ خودا لە کۆتاییدا یاسا بڕیارە دروستەکەی دا، ئێمە بەهیچ شیوەیەک بە کاردانەوە کار ناکەین، بەڵکو پێویستە وێنە و ناوبانگی یانەی زەوڕا بپارێزین’.

پێشتر نووسینگەی جێبەجێکاری لیژنەی ئۆڵێمپی نیشتمانی عێراقی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی کارگێڕی دەرکردبوو و دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی یانەکەی دەستنیشانکردبوو، بەڵام ناوەندی چارەسەرکردن و ناوبژیوانی وەرزشی عێراق بڕیاریدا، دەستەی کارگێڕی لەکارلادراوی یانەی زەوڕا، جارێکی دیکە دەستبەکارببنەوە.

دوێنێ دەستەی کارگێڕی یانەی زەوڕا بە سەرۆکایەتی فەڵاح حەسەن سەرۆکی یانەکە بڕیاریدابوو مانگی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردەی دەستەی کارگێڕی یانەکە بکرێت و وابڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوو دەستەی کارگێڕی ئێستای یانەکە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی لێژنەی ئۆڵێمپی رابگەیەنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button