چوار یاریزانی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران
کاساس لیستی سەرەتایی هەڵبژاردووە و دواتر لەگەڵ یاریزانانی پیشەگەر لیستی کۆتایی رادەگەیەنێت
یاریگا –
خێسوس کاساس، لیستی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 ئاشکرا.
کاساس، هەریەکە لە ئاکام هاشم، هیران ئازاد، ئوسامە رەشید و پاشەنگ عەبدوڵای بۆ کەمپی مەشق و راهێنانی دەوحە بانگهێشت کرد.
لیستی سەرەتایی کاساس لە 21 یاریزان پێکدێت و بڕیارە 25ی ئەم مانگە، کەمپی مەشقییان لە دەوحە دەستپێبکات، دواتر لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی عومان و کوێت.
لیستی سەرەتایی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ کەمپی دەوحە:
گۆڵپارێزان: جەلال حەسەن، حوسێن حەسەن، عەلی کازم
بەرگریکاران: ئاکام هاشم، رێبین سولاقا، مستەفا سەعدوون، ئەحمەد یەحیا، ئەحمەد مەکنزی، سەعد ناتق، زەید تەحسین، مەناف یونس
ناوەڕاستکاران: سەفا هادی، ئەمجەد عەتوان، حوسێن عەبدولکەریم، لوئەی عانی، ئوسامە رەشید، محەمەد تائی، پاشەنگ عەبدوڵا، هیران ئەحمەد
هێرشبەران: محەمەد قاسم، موهەنەد عەلی
کاساس لەبارەی لیستی سەرەتایی یاریزانان دەڵێت
لیستی ئێستای یاریزانان کۆتایی نییە، بەڵکو تەنیا بۆ کەمپی مەشقی دەوحە دەبێت. باشترینەکان هەڵدەبژێردرێن و دواتر لیستی کۆتایی بۆ یارییەکانی بەرامبەر عومان و کوێت رادەگەیێندرێت. بەهۆی تەواوبوونی یارییەکانی خولی عێراقی لە مانگی رابردوودا، وایکردووە زۆربەی یاریزانان پشووێکی نەرێنی بدەن، پێویستە جارێکی دیکە هەڵسەگاندنیان بۆ بکەم. هەوڵدەدەین بە باشترین شێوە ئامادەیان بکەین و دواتر لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی پیشەگەر کە ئێستا یاری لەگەڵ یانەکانیان دەکەن، لیستی کۆتایی دەستنیشان دەکەین.