یاریگا –
بەشێوەیەکی فەرمی سێرجی رۆبێرتۆ ماڵئاوایی لە هاندەرانی بارسێلۆنا کرد.
ئەستێرە ئیسپانییەکە لەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا کۆتایی هات، هانزی فلیکی راهێنەری نوێی یانەکە یاریزانەکەی نەویست و بەڕێی کرد.
رۆبێرتۆ لە پلاتفۆڕمی ئێکس گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاویکردووەتەوە، چاوێک بە یادەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ بارسا دەخشێنێتەوە و پەیامێکی ماڵئاوایشی نوسیووە.
کولەرزەکان کاتی ئەوە هاتووە سوپاستان بکەم، کە بەدرێژایی ئەم گەشتە لەگەڵم بوون، بۆ هەمیشە بژی بارسا.
Culers, ha arribat el moment de donar-vos les gràcies per tot aquest viatge que hem fet junts 💙❤️ Visca el Barça, per sempre ! pic.twitter.com/NIOiftNUB2
— Sergi Roberto (@SergiRoberto10) August 11, 2024
رۆبێرتۆ لە ئەکادیمیای بارسا پێگەیشتووە، لە ساڵی 2006ـەوە کوڕی یانەکەیە و یاریی بۆ سەرجەم تیپە ئاست جیاوازەکان و تیپی یەکەمیش کردووە.
بەدرێسی تیپی یەکەم لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری 479 یاریی کردووە، 26 گۆڵی کردووە و 46 گۆڵیشی دروستکردووە.
دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ، حەوت نازناوی لالیگا، نازناوێکی جامی جیهانی یانەکان، نازناوێکی جامی سوپەری ئەوروپا، شەش نازناوی جامی شای ئیسپانیا و پێنج نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ بارسێلۆنا بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا، سێرجی بڕیاریداوە پەیوەندی بە یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی بکات، بەڵام فیۆرێنتینای ئیتاڵیش یاریزانەکەی دەوێت.