سێ ئەستێرەی چێڵسی لە مەشقەکانی پێکهاتەی سەرەکی دوورخراونەتەوە
بەزووترین کات داوای چوونەدەرەوە دەکەن
یاریگا –
ئاستۆن ڤیلا و کریستال پاڵاس لە نزیکەوە چاودێری دۆخی تریڤۆ چالۆبا، بەرگریکاری چێڵسی دەکەن.
بەر لە دەستپێکردنی گەشتی ئامادەکاری وەرزی نوێی یانە لەندەنییەکە، چالۆبا لە لیستی یاریزانانی بلووز دوورخرایەوە و ئێستا بە دوای یانەیەکی نوێدا دەگەڕێت.
رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، چالۆبا ماوەیەکە مەشق لەگەڵ تیمی یەکەمی چێڵسی ناکات و چاوەڕێی گەیشتنی ئۆفەری فەرمی یانەکان دەکات.
جیا لە چالۆبا، هەریەکە لە رۆمێلو لوکاکو و ئارماندۆ بڕۆخا لەگەڵ تیمی یەکەم مەشق ناکەن، بەڵکو ماوەیەکە مەشقەکانیان لەگەڵ تیمی لاوان دەستپێکردووە.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، ئاستۆن ڤیلا و کریستال پاڵاس گرنگیان بە چالۆبا داوە، کە وەرزی رابردوو 17 یاری بۆ بلووز کرد و لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئێنزۆ مارێسکا، لە تیمی یەکەم دوورخرایەوە.
لە هاوینی رابردوودا، چالۆبا ئۆفەرێکی نۆتینگهام فۆڕێستی رەتکردەوە و بەشداری لە 17 یاریدا کرد.
چالۆبا لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2022 گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ چێڵسی واژۆ کرد و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 25 ملیۆن پاوەند.
لەلایەکی دیکەوە، بڕۆخا بانگهێشتی گەشتی ئامادەکاری چێڵسی بۆ وەرزی نوێکرابوو، بەڵام ئێستا مەشقەکان لە کۆبهام ناکات.
بڕۆخا سەرنجی چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ و لالیگای راکێشاوە، بەڵام دوای ئەوەی وەرزی رابردوو، بە خواستن یاری بۆ فولهام کرد و لە ئاستی پێویستدا نەبوو، بۆیە بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ESPN نایەوێت لە پرێمەرلیگ بەردەوام بێت.
لوکاکو ئامانجی سەرەکی ناپۆلییە و ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری یانە ئیتاڵییەکە کردوویەتییە داواکراوی یەکەم، بەڵام تاوەکو ئێستا یانەکەی سێریا ئەی ئامادەنییە بڕی 37 ملیۆن پاوەند، کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هێرشبەرە بەلجیکییەکەیە، دابین بکات.