بازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

پێشهاتی نوێ، بایرن گڵۆپی سەوزی بۆ بەرگریکارەکەی هەڵکرد پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد بکات

Yariga App

یاریگا –

پەرەسەندنی نوێ رووی داوە لە هەڵوێستەکانی بایرن میونشن بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانێکی بۆ مانچێستەر یونایتد.

شەیتانە سوورەکان ماوەیەکی زۆرە ئامانجیانە بۆ وەرزی نوێ هێڵی بەرگری چاکسازیی تێدا بکەن وەک یەکێک لە هێڵە گرنگەکانیان. بۆ ئەو مەبەستەیش توانیان لێنی یۆرۆ لە خولیی فەڕەنسیەوە بگوازنەوە بەڵام ناوبراو هەر لە یارییە ئامادەکارییەکاندا دووچاری پێکانی قورس هات و سێ مانگ دووردەکەوێتەوە. بەوەش جارێکیتر مانچێستەر ناچار بوو پەنا بباتەوە بەر ئامانجەکانی پێشووتریان کە خۆی لە ماتیاس دی لیخت و جاراد برانسوەیت دەبینیەوە، بەڵام هۆڵەندییەکە بۆیان گونجاوترە لە رووی تێچووەوە. ئەوە و هەروەها نوسەیر مەزراوی بۆ پێگەی بەرگری لای ڕاست.

دوێنێ بوو کە داڤید ئۆرنشتاین رۆژنامەنووس لە تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە باڤارییەکان بە جارێ دوو ئۆفەری یانە ئینگلیزیەکەیان رەتکردووەتەوە بۆ دی لیخت و مەزراوی، بەڵام ئەمڕۆ سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی دیکەی ئەورووپا زانیاریی نوێیان بڵاوکردووەتەوە و بایرن گڵۆپی سەوزی بۆ ئەستێرە مەغریبیەکە کردووە روو بکاتە مان یو.

سانتی ئاونای رۆژنامەنووسی شارەزا لە بازاڕی گواستنەوەکان کە سەرچاوەی هەواڵەکەیە، ئەوەشی ئاشکراکردووە کە مەزراوی لە رۆژانی داهاتوودا بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەشتی مانچێستەر دەکات و ئەگەر هیچ شتێک روونەدات ئەواو رۆژی سێشەممە پشکنینە پزیشکیەکانی ئەنجام دەدات.

هەر بەپێی زانیارییەکانی سانتی ئاونا، گرێبەستی بەرگریکارە 26 ساڵانەکە لەگەڵ یانەکەی پرێمەرلیگ تا ساڵی 2029 دەبێت.

لە هەمان کاتدا ئێریک تێن هاخ بەپەرۆشە بۆ هەرچی زوو پەیوەندیکردنی مەزراوی بە یانەکەیەوە و دەیەوێ بۆ یارییەکەیان بەرانبەر مان سیتی لە جامی قەڵخانی خێرخوازی کە 10ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، ئامادەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button