بێبەختی بەرۆکی شەیتانە سوورەکان بەر نادات! ئەستێرە نوێیەکە تووشی پێکان بوو
یاریگا –
لێنی یۆرۆ لە یارییەکەی مانچێستەر یونایتد بەرامبەر ئارسیناڵ تووشی پێکان بوو، ئەمەش نیگەرانی هاندەرانی ئەم تیپەی بەدوا داهات.
یۆرۆ یەکێک بوو لەو بەرگریکارانەی لەم هاوینەدا چەندین یانەی گەورەی ئەوڕوپی شەری بەدەست هێنانیان دەکرد، لەکاتێکدا زۆرێک پێشبینیان دەکرد بەم نزیکانە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات، بەڵام دواجار ئەو یاریزانە خۆی لە مانچێستەر دۆزییەوە و وەرزی داهاتو لە پرێمەرلیگ یاریی دەکات.
ئێریک تێنهاخ بڕیاریدا ئەم یاریزانە لە یاریی دۆستانەی شەوی رابردوو بەرامبەر ئارسیناڵ لە پێکهاتەی سەرەکی دابنێت، بەڵام بوونی لە یاریگادا زۆری نەخایاند و ئەم بەرگریکارە لە 10 خولەکی کۆتایی گێمی یەکەم تووشی پێکان بوو و ناچار بوو یاریگا جێبهێڵێت.
Man United’s newest signing Leny Yoro comes off with an injury against Arsenal. pic.twitter.com/djWD79rMik
— ESPN FC (@ESPNFC) July 28, 2024
ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە پێش ئەو، راسموس هۆیلاند کە تاکە گۆڵی یونایتدی لەم یارییەدا تۆمارکرد، بەهۆی پێکانەوە یاریگای بەجێهێشتبوو، هەروەها پێکانەکەی لێنی دووەم پێکانەکەی شەیتانە سوورەکان بوو لەم یارییەدا.
دوای کۆتاییهاتنی ئەم یارییە، تێنهاخ رایگەیاند کە هێشتا زووە بۆ پێشبینیکردنی بارودۆخی یۆرۆ و پێویستە لانیکەم 24 کاتژمێر چاوەڕێ بکەین تا بارودۆخی ئەم یاریزانە و توندی پێکانەکەی دیاری بکرێت. وەرزی رابردوو بەشێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی یونایتد تووشی پێکان بوون و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەنجا،ەکانی ئەو یانەیە هەبوو، وادیارە بەختی رەشی پێکان هەر لە پێش دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێ بەرۆکی ئەم یانەیەی گرتووەتەوە.