تایبەت بە یاریگا؛ دهۆک و نەورۆز دەیانەوێت ئوسامە رەشید بگوازنەوە ریزەکانیان
گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ڤیزێلای پۆرتوگاڵی کۆتایی هاتووە و بێ یانەیە
یاریگا –
دهۆک و نەورۆز لەپێناوی گواستنەوەی ئوسامە رەشید ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی عێراق دەستیان بە هەوڵەکانیان کردووە کە ئێستا بێ یانەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەکانی نەورۆز و دهۆک دەیانەوێت ئوسامە رەشید ناوەڕاستکاری کوردی هەڵبژاردەی عێراق بگوازنەوە ریزەکانیان، کە سەرەتای ئەم مانگە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ڤیزێلای پۆرتوگاڵی (لە خولی پلە دووی پۆرتوگاڵی بەشدارە) کۆتایی هات و ئێستا بێ یانەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، نەورۆز لە دانوستانەکاندا هەنگاوێک زیاتر چووەتە پێشەوە و ئەگەر ناوەڕاستکارە کوردەکە بڕیار بدات بگەڕێتەوە عێراق، هەردوو یانە کوردستانییەکە دەیانەوێت بیگوازنەوە ریزەکانیان.
ئوسامە رەشید (32 ساڵان) کە بەگوێرەی پێگەی ترانسفێر مارکێت لە بۆرسەی یاریزاناندا نرخەکەی 200 هەزار دۆلارە، لە لاوانی یانەی فاینۆرد رۆتێردامی هۆڵەندی دەستی بە یاریی کردووە و پێشتر یاریی بۆ یانەکانی سانتا کلارای پۆرتوگاڵی، خورفەکانی ئیماراتی، غازی عەنتابی تورکی و ئێکسێلسیۆری هۆڵەندی کردووە و لەوەتەی ساڵی 2011 لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەکات و لە 35 یاریی نێودەوڵەتی دوو گۆڵی کردووە.
ئوسامە رەشید 17ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 1992 لە کەرکووک لە ماڵباتێکی کورد لەدایکبووە و جگە لە هەڵبژاردەی عێراق، لەسەر ئاستی تەمەنە جیاوازەکاندا لە ریزی هەڵبژاردەی ژێر 19 ساڵانی هۆڵەنداش یاریی کردووە.