زیدان ئیقبال بەشداری ئۆڵێمپیاد ناکات؟ ئۆترێخت وه‌ڵامی عێراقی دایه‌وه
یاریگا –
یانەی ئۆترێختی هۆڵەندی جارێكی دیكه داوای لێبوردنی له فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كرد،كه رێگەی بە زیدان ئیقبال نه‌داوه پەیوەندی بە هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق بکات.
عەدنان دەرجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، فیدراسیۆنەکە وەڵامێکی نوێی لە یانەی ئۆترێختی هۆڵەندی وەرگرتووە سەبارەت بە پەیوەندیکردنی یاریزان زیدان ئیقبال به هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی بۆ به‌شداریكردن له ئۆلۆمپیادی پارییس.
ده‌رجال گوتی، جارێكی دیكه په‌یوه‌ندیمان به یانه‌ی ئۆترێخت كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی نیشانبده‌ن له‌سه‌ر به‌شداریكردنی زێدان له ئۆلۆمپیادی پاریس، به‌داخه‌وه یانە هۆڵەندییەکە ئه‌مجاره‌ش ره‌تیكرده‌وه، ئاماژه‌یان بە ماوەی ئامادەکاری یانەکە بۆ وەرزی نوێ کرد.
سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گوتیشی، سەرەڕای پەیوەندیمان لەگەڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی فیفا و سەرکەوتنمان لە بەدەستهێنانی رەزامەندی تایبەت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی رێگەپێدراو بۆ تۆمارکردنی ناوی یاریزانان بۆ ماوەی 24 کاتژمێری دیكه، سێیه‌م نامه‌مان بۆ یانه‌ی ئۆترێخت نارد، یانە هۆڵەندییەکە ره‌تیان كرده‌وه، ئه‌مه دووەم نامەیە بوو ته‌نها لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێر ناردمان.
دەرجال رایگەیاند: متمانەی زۆرمان بە هەموو ئەو یاریزانانە هەیە کە لەبەردەستی راهێنەری تیپەکەدان، هیوای سەرکەوتن بۆ زیدان ئیقبال دەخوازم، بە دڵنیاییەوە لە پاڵهوانهتیهكانی داهاتوودا ئامادە دەبێت.
سەرۆکی فیدراسیۆن لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، سیستەمی رووداوەکانی تۆپی پێ لە ئۆڵۆمپیاد، کە لە دەرەوەی رۆژانی فیفا و لە ماوەی ئامادەکاری یانەکانه بۆ وه‌رزی نوێ، هۆکاری سەرەکییە کە مافی ئەوەی بە یانەکان دەدات رێگە بە به‌شداریكردنی یاریزانه‌كان نەدەن ، لە هەمان کاتدا هیوای سەرکەوتن بۆ یانە هۆڵەندیهكه و زێدان ئیقبال ده‌خوازم.
هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له ئۆلۆمپیادی پاریس له گروپی دووه‌م شانبه‌شانی ئەرجەنتین و ئۆکرانیا و مەغریب یاریی ده‌كات.