کۆپا ئەمێریکا 2024گرنگترین

پریڤیوی یاریی بڕازیل V کۆلۆمبیا؛ دوا هەواڵ و پێکهاتەی پێشبینیکراو

پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

Yariga App

یاریگا –

بڕازیل و کۆلۆمبیا لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی کۆپا ئەمریکا، لە کۆمەڵەی چوارەم کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانی چوارشەممە لە یاریگای لێڤیس لە سانتا کلارا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بە ناوبژیوانیەتی خیسوس ڤالێنزوێلا بەیەک دەگەن.

مێژووی رووبەڕووبوونەوەیان

لە مێژوودا بڕازیل و کۆلۆمبیا 44 جار رووبەڕووبوونەوەتەوە، سێلیساو خاوەنی زۆرترین بردنەوەیە و 26 بردنەوەی بەدەستهێناوە، لە 12 یاری یەکسانبووینە و کۆلۆمبیاش تەنیا 6 بردنەوەی بەرامبەر سەماکارانی سامبا بەدەستهێناوە.

لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیاندا، بڕازیل دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە دوو یاریی یەکسانبووینە و کۆلۆمبیاش دوایین یاریی نێوانیانی بردەوە، لە کۆپا ئەمریکای 2021 بڕازیل لە قۆناخی کۆمەڵەکان 2-1 لە کۆلۆمبیای بردەوە کە دوایین رووبەڕووبوونەوەیان بوو لە پاڵەوانێتییەکە.

Image

کۆلۆمبیا دوو ساڵە نەدۆڕاوە، سێلیساو دەتوانێت بیوەستێنێت؟

کۆلۆمبیا بە کاتێکی زێڕیندا تێدەپەڕێت و هەڵبژاردەکە لەوەتەی 1ـی فێبرایەر/شوباتی 2022 تامی دۆڕانی نەکردووە، کۆلۆمبییەکان 25 یارییە لەسەریەک تاڵاوی شکستیان نەچەشتووە، 20 بردنەوە و 5 یەکسانبوونیان بەدەستهێناوە بەبێ ئەوەی دووچاری هیچ شکستێک بن.

لەنێو ئەو زنجیرە یارییانەی کۆلۆمبیادا مانگی نۆڤێمبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، کۆلۆمبیا لە دوایین رووبەڕووبوونەوەیاندا 2-1 لە بڕازیلی بردەوە، کە لویس دیاز هەردوو گۆڵەکەی کرد.

کۆلۆمبیا دوو یاریی لە یەکسانکردنەوەی ریکۆردە مێژووییەکەی دوورە کە 27 یاریی لەسەریەک لە ساڵی 1992 تا 1994 بەبێ دۆڕان بەڕێکرد (13 بردنەوە و 14 یەکسان).

Deportes de Colombia y el Mundo | Antena 2

خامێس رۆدریگێز VS ڤینیسیۆس جۆنیۆر

کۆلۆمبییەکان چاویان لە خامێس رۆدریگێزە بۆ ئەوەی لە وەشانی ئەمجارەی کۆپا ئەمریکا رابەرایەتی هەڵبژاردەکەیان بکات، خامێس لە قۆناخی کۆمەڵەکان سێ گۆڵی دروستکردووە و لە کۆپا ئەمریکای 2024 خاوەنی زۆرترین ئەسیستە، ناوەڕاستکارە 32 ساڵانەکە کە هاوینی 2023 چووە ریزەکانی یانەی ساوپالۆی بڕازیلی لە دوو یاری 161 خولەک یاریی کردووە و سێ گۆڵی دروستکردووە.

ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە کۆپا ئەمریکای 2024 لە دوو یاری 161 خولەک دوو گۆڵی کردووە، بەڵام ڤینی لەم یارییە مەترسی لەسەرە ئەگەر کارتی زەردی بەڕوودا بەرز بکرێتەوە لە یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکەی لە قۆناخی پێش کۆتایی بێبەش دەبێت، ئەگەر سێلیساو بگاتە ئەو قۆناخە، جگە لە ڤینی هەریەکە لە میلیتاو و لۆکاس پاکیتا و وێندلیش مەترسی راگیرانیان لەسەرە و کارتێکی دیکەی ەرز وەربگرن لە یاریی داهاتوو بێبەش دەبن.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە:

بڕازیل: ئەلیسن، دنایلۆ، بێراڵدۆ، مارکینهۆس، ئارانا، گیمارێش، گۆمێز، ساڤیۆ، پێرێرا، رۆدریگۆ، ئێندریک.

کۆلۆمبیا: ڤارگاس، مونۆز، سانچێز، کویستا، ماچادۆ، کاستانۆ، ئریبی، ئاریاس، سینیستێرا، دوران، دیاز.

راهێنەرانی کۆلۆمبیا و بڕازیل لەبارەی یارییەکە چی دەڵێن؟

نێستۆر لۆرێنزۆ، راهێنەری کۆلۆمبیا

من بڕوام وایە ناکرێت بەرامبەر بڕازیل هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکە بەربژێر بێت بۆ بردنەوە، هەڵبژاردەیەکە خاوەنی مێژووێکی گەورەیە و ئێمەش بەمدواییانە هەوڵمانداوە مێژووێک بنووسینەوە و هەوڵدەدەین زیاتریش بنووسینەوە.

نابێت هیچ هەڵەیەک بکەین ئەگەر بمانەوێت بە ئەنجامێکی ئەرێنی لە یارییەکە بێینە دەرەوە، نابێت لە سەرەتای یارییەکە یان لە ناوەڕاست یان لە کۆتایی یارییەکە هیچ هەڵەیەک بکەین.

دوریڤال جۆنیۆر، راهێنەری بڕازیل

باشترین پێکهاتەی خۆمان هەڵدەبژێرین، ئێستا کاتی ئەوە نییە پارێزگاریی لە هیچ یاریزانێک بکەین، ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە کامە یاریزان مەترسی ئەوەی لەسەرە بەهۆی کەلەکەبوونی کارتەکانی بۆ یارییەکانی داهاتوو سڕ دەکرێت یان نا، گرنگ ئەوەیە باشترین پێکهاتەی خۆمان هەڵدەبژێرین و تەنیا بیرمان لەلای سەرکەوتن دەبێت.

کۆلۆمبیا هەڵبژاردەیەکی بەهێزە و پێویستە رێزیان لێبگرین، ئەوان خاوەنی چەندان یاریزانی نایابن کە لە باشترین یانەکانی جیهان یاریی دەکەن، ئێمە خوێندنەوە بۆ کۆلۆمبیا دەکەین، ئەوان هەڵبژاردەیەکی بەهێز و جێگیریان هەیە، بەگوێرەی پێویست گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەمان دەکەین.

بابەتی زیاتر

Back to top button