ئه‌ڵمانیاگرنگترین

فەرمی؛ بایرن میونشن ماڵاوایی لە ئەستێرەیەکی دێرین دەکات

Yariga App

یاریگا –

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی رۆیشتنی ئەستێرەیەکی لە یانەكەی راگەیاند.

سەردەمی لیۆن گۆرێزکا وەکوو یاریزانی بایرن میونشن بە فەرمی گەیشتە کۆتایی، ئەمەش دوای بردنەوەی هەردوو نازناوی بۆندسلیگا و جامی ئەڵمانیا لە وەرزێکی ناوازە بۆ یانە ئەڵمانییەکە، سەرەڕای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا نەیانتوانی بگەنە دوا وێستگەی ئامانجەکەیان. بایرن میونشن لەم وەرزەی بۆندسلیگادا ریکۆردێکی کەم وێنەی تۆمارکرد بە کردنی 122 گۆڵ و بەسەر چەندین تیمی بەهێزی خولەکەدا سەرکەوت بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا. هێندە مابوو لە هەردوو یانەی ریال مەدرید و باریس سان جێرمان ببەنەوە بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا.

بۆ گۆرێتزکا، کاتی ئەو لەگەڵ بایرن دوای 8 وەرز کۆتایی دێت، ماوەیەک کە تێیدا 7 نازناوی بوندسلیگا، 1 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 3 جامی ئەڵمانیا، 3 جامی سوپەری ئەڵمانیا، 1 جامی جیهانیی یانەکان و 1 جامی سوپەری ئەوروپای بەدەستهێنا. لەسەر ئاستی بەشداریی گشتی، گۆرێزکا لە 312 یاریی فەرمیدا لە سەرجەم پاڵەوانییەتییەکاندا بەشداریی کرد، کە تێیدا 51 گۆڵ و 53 ئەسیستی هەبوو.

هەموو ئەم ژمارانە بۆ ناوەڕاستکارێک بوون کە لە هاوینی 2018 بە گرێبەستێکی خۆڕایی لە یانەی شاڵکەوە پەیوەندی بە یانە باڤارییەکەوە کردبوو.


لە چەندین بازاڕی جیاوازی گواستنەوەدا، ناوی گۆرێتزکا بە رۆیشتن لە بایرن دەبەستراوە بەهۆی ناجێگیریی ئاستی و دوورکەوتنەوەی لە پلانەکانی یولیان ناگلیسمان یان تۆماس توخێل، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر لە هێڵی ناوەڕاستدا لەگەڵ جۆشوا کیمیچ لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیکدا کۆڵەکەیەکی سەرەکی و نەگۆڕی تیمەکە بوو.

لیۆن گۆرێزکا، ناوەڕاستکاری ئەڵمانی

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، هەنگاوی داهاتووی گۆرێزکا چی دەبێت؟ چەندین دەنگۆ هەن کە ناوی ئەو بە یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵییەوە دەبەستنەوە. رۆژنامەنووسی ئیتاڵی، نیکۆلۆ شێرا، رایگەیاندووە کە بریکارەکانی ئەم ناوەڕاستکارە بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی یانە ئیتاڵییەکە ئەنجام بدەن.

رۆسۆنێری دەیەوێت گۆرێزکا وەکوو یاریزانی ئازاد بگوازێتەوە و ئامادەیە گرێبەستێکی تاوەکوو ساڵی 2029 پێشکەش بکات لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە تاوەکوو ساڵی 2030.

بابەتی زیاتر

Back to top button