ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

ریال مەدرید چۆن تێچووی گرێبەستەکەی کیلیان ئێمباپێ دابین دەکات؟

گرێبەستی ئێمباپێ و نۆژەنکردنەوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دوو گرەوی گەورەی فلۆرێنتینۆ پێرێزن

Yariga App

یاریگا –

گەرچی کیلیان ئێمباپێ بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بە ریال مەدرید کردووە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا ئیسپانی و فڕەنسییەکان هێرشبەرە فڕەنسییەکە 150 ملیۆن یۆرۆ وەکو شیرینی گرێبەستەکەی وەردەگرێت و مانگانە مووچەکەشی لە یانە مەدریدییەکە 15 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

ماڵپەڕی ئەتلەتیکی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا باسی دۆخی دارایی و چۆنییەتی دابینکردنی تێچووی گرێبەستەکەی ئێمباپێی لە ریال مەدرید کردووە، باسی دیارترین ئالنگارییە داراییەکانی ساڵانی داهاتووی مێرەنگی کردووە.

دۆخی دارایی یانەی ریال مەدرید چۆنە؟

جگە لە ریال مەدرید تەواوی یانەکانی دیکەی ئیسپانیا لە دۆخێکی دارایی خراپدان، لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، یانەی بارسێلۆنا لە رووی داراییەوە باری لارە، بەڵام خاڤیێر تیباس سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا گەرچی پەیوەندی لەگەڵ ریال مەدرید باش نییە، بەڵام هەمیشە باس لەوە دەکات کە ریال مەدرید تاکە یانەیە لە ئیسپانیا کێشەی دارایی نییە.

بەگوێرەی راپۆرتی دارایی یانەکە وەرزی 2022-2023 ریال مەدرید 843 ملیۆن یۆرۆ داهاتی هەبووە و بەراورد بە ساڵی دارایی پێشتر یانە مەدریدییەکە 17% داهاتی زیادیکردووە و 11.8 ملیۆن یۆرۆ قازانجی کردووە.

فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید سەرکەوتووترین سەرۆکی یانە بوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێچەوانەی ویلایەتی یەکەمی لە ساڵانی  2000 تا 2006، لەم ساڵانەی دواییدا پێرێز لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان پارەی کەمتری خەرج دەکرد و نەیهێشت باری دارایی یانەکە لار بێت.

هاوینی 2019 ریال مەدرید لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 350 ملیۆن یۆرۆی لە کڕینی یاریزانان خەرجکرد و پارەیەکی زۆری لە گەنجینەی یانەکەی بۆ گواستنەوەی ئێدین هازارد و لۆکا یۆڤیچ خەرجکرد، کەچی ئەو دوو یاریزانە لە ریال مەدرید سەرکەوتوو نەبوون.

پێرێز سیاسەتی خۆی لە گواستنەوەی یاریزانان گۆڕیوە

فلۆرێنتنۆ پێرێز لەم ساڵانەی دواییدا سیاسەتی خۆی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان گۆڕیوە، یان دەرفەتێک دێتە پێشەوە و ریال مەدرید هەلێک دەقۆزێتەوە بۆ گواستنەوەی یاریزانێک بەخۆڕایی وەکو گرێبەستی تیبۆ کۆرتوا و دەیڤید ئالابا و ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر، یانیش لەپێناوی وەبەرهێنانکردن لە یاریزانی لاو گرێبەست دەکات وەکو جود بێڵینگهام و ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ئێدواردۆ کاماڤینگا.

ریال مەدرید وەرزی رابردوو 128 ملیۆن یۆرۆی لە کڕینی یاریزانان خەرجکرد کە 103 ملیۆن یۆرۆی تەنیا بە جود بێڵینگهام دا، ئاردا گولەریشی بە 20 ملیۆن یۆرۆ بردە ریزەکانی، وەرزی رابردوو لەسەر ئاستی یانەکانی ئیسپانیا ئاتلێتیکۆ مەدرید نزیکترین رکابەری ریال مەدرید بوو لە خەرجکردنی پارە، ئاتلێتیکۆ تەنیا 33.7 ملیۆن یۆرۆی لە کڕینی یاریزانان خەرجکرد.

ریال مەدرید چۆن مووچەی ئێمباپێ دابین دەکات؟

ریال مەدرید لەوەتەی ساڵی 2018 ساڵ لەدوای ساڵ مووچەی یاریزانانی کەم دەکاتەوە، کە مووچەی یاریزانان بەشێکی گەورەی خەرجییەکانی یانەکەن، بارسێلۆنا لەم ساڵانەی کۆتایی بەهۆی یاسای دارایی خاوێن و نەبوونی باڵانس لە نێوان خەرجییەکان و داهاتی یانەکە لە تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکانی لە لیستی لالیگا تووشی کێشە دەبوو.

وەرزی 2022-2023 تەواوی مووچەی ساڵانەی یاریزانەکانی ریال مەدرید 452.7 ملیۆن یۆرۆ بوو، کەچی وەرزی رابردوو سەرەڕای گواستنەوەی بێڵینگهام هێشتا مووچەی یاریزانانی لۆس بلانکۆس کەمتر بووەوە، بەهۆی رۆیشتنی کەریم بێنزێما و ئێدین هازارد بە تەواوەتی مووچەی وەرزی 2023-2024ـی یاریزانانی ریال مەدرید کەم بووەوە.

ریال مەدرید لەدوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و گاریس بەیل و سێرخیۆ رامۆس، مووچەی یاریزانانی کەم بووەوە و هەموو ساڵێک کاری لەسەر کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانەکانی دەکرد.

ریال مەدرید دەتوانێت وەرزی نوێ تاوەکو 727.5 ملیۆن یۆرۆش خەرج بکات، بۆیە یانە مەدریدییەکە لە تۆمارکردن و دابینکردنی مووچیە ئێمباپێ کێشەی نابێت، چونکە هێشتا پانتاییەکی زۆری لە مووچەی یاریزانەکانی ماوە و پێدەچێت پێرێز دەمێک بێت بیری لە گواستنەوەی ئێمباپێ کردبێتەوە.

رئيس ريال مدريد فلورنتينو بيريز يحضر الكشف عن خطط إعادة تطوير ملعب سانتياغو برنابيو في 2 أبريل 2019 في مدريد. (تصوير غبريال بويز / وكالة الصحافة الفرنسية)

سانتیاگۆ بێرنابیۆ یان کیلیان ئێمباپێ، کامیان ریال مەدرید تووشی کێشە دەکەن؟

ریال مەدرید بەهۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ نزیکەی 1.4 ملیار یۆرۆ خەرج دەکات، ئەم بڕە پارەش فشارێکی گەورە لەسەر گەنجینەی یانەکە دروست دەکات، چونکە بە گوتەی پێرێز کاتێک لە نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو قسەی بۆ ئەندامانی یانەکەی دەکرد، ریال مەدرید بۆ ماوەی 30 ساڵ دەبێت ساڵانە 60 ملیۆن یۆرۆ بە ئەمریکییەکان بدات، بۆ ئەوەی پارەی تێچووی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەی بە ئەمریکییەکان بداتەوە.

ریال مەدرید بە زیادەی 1.53% تا 3% قەرزی لە بانکە ئەمریکییەکان کردووە و ئەم رێژەیەش بە رێژەیەکی کەم هەژمار دەکرێت، بۆیە ریال مەدرید گەرچی چووەتە ژێر باری قەرزێکی گەوەرە، بەڵام بەهۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە داهاتی یانە ئیسپانییەکە تەواو زیاد دەکات، کە تایلۆر سویفت خانمە گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکی هەفتەی رابردوو کۆنسێرتێکی مێژوویی لەو یاریگایە سازکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button