دەنگۆکانی مێرکاتۆ

رۆناڵدۆ خەریکی رازیکردنی دوو هاوتیمی پێشوویەتی

Yariga App

یاریگا –

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێ لە ئێستاوە بازاری گواستنەوەکان گەرم بکات و پێگە و ناوبانگەکەی بەکاربهێنێ بۆ قاییلکردنی یاریزانی دڵخوازی خۆی بۆ نەسڕ.

وا دیارە دۆن لە بەهێزی رکابەرەکانی خولی سعودیە، بەتایبەتی هیلالی پڕ چەک، تێگەشتووە و نایەوێ چیتر شینپۆشەکان خول و جامەکان بۆ خۆیان قۆرخ بکەن وەک ئەوەی کە وەرزی رابردوو رووی دا کاتێک هیلالی رکابەریان بە جیاوازیی 14 خاڵ (بۆ یەکەم جار لە مێژوودا بەو جیاوازییە زۆرە) خولی ئەو وڵاتەیان لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلاییکردەوە و جامی شا سەلمانیشیان هەر لەسەر حیسابی نەسڕی دۆن رۆناڵدۆ بردەوە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانیی زانیاریی داوە کە ئەفسانە پورتوگالییەکە پەیوەندی بە هەردوو یاریزان کاسیمێرۆ و ناچۆ هێرناندێزەوە کردووە تا قاییلیان بکات رووبکەنە یانەکەی.

کریستیانۆ باش لە کاریگەریی ئەو دوو یاریزانەی ئێستای مانچێستەر یونایتد و ریاڵ مەدرید دەزانێت لەسەر بنەمای ئەو ئەزموونە زۆرە ساڵانێک لە مێرەنگی پێکەوە نازناو لەدوای نازناو دەیانچنیەوە.

کاسیمێرۆ هەر دوای چوونی لە ریاڵ، وردە وردە ئاستی روو لە خراپی کرد بەتایبەت دووەم وەرزی لەگەڵ مان یو، هەر بۆیە لە دیاترین ئەو یاریزانانەیە ناویان لە لیستی فرۆشتنەکانی یانەکەدا هاتووە و دەیانەوێ بە فرۆشتنی بە سعودییەکان کە ماوەیەکی زۆری هەوڵی بۆ دەدەن، بڕێکی باش پارەیان دەستکەوێت.

هەرچی ناچۆیە، ئەگەرچی منداڵی یانە شاهانەکەیە و کاپتنی یەکەمی وەرزی رابردوو بوو کە توانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ بەرزبکاتەوە، ئەم هاوینە گرێبەستەکەی کۆتایی دێت باوەڕ وایە نوێ ناکرێتەوە. هەر بۆیە بژاردەیەکی کراوەیە کە دوای بردنەوەی شەش چامپیۆنزلیگ، رووبکاتە خولی سعودی بۆ لای گۆڵکاری مێژوویی مەدرید.

بابەتی زیاتر

Back to top button